سزای لەسێدارەدان بۆ ئامۆزایەکی بەشار ئەسەد دەرچوو
دادگای تاوانەکانی دیمەشق سزای لەسێدارەدانی بۆ وەسیم ئەسەد، کوڕی مامی سەرۆکی پێشووی سووریا دەرکرد و بڕیاری دا دەست بەسەر تەواوی سەروەت و سامانەکەیدا بگیرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، لە دانیشتنێکی دادگای تاوانەکانی ژمارە چوار لە شاری دیمەشق، بڕیاری لەسێدارەدان بۆ وەسیم ئەسەد دەرچوو. دادگاکە تۆمەتی کوشتن، رفاندن و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی خستە پاڵ کوڕی مامی بەشار ئەسەد.
دادگا بڕیاری دا دەست بەسەر سەرجەم موڵکە گواستراوە و نەگواستراوەکانی وەسیم ئەسەددا بگیرێت و بخرێنە خزمەت گەنجینەی گشتیی وڵاتەوە.
لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا، فەخرەدین عەریان، دادوەری دۆسیەکە ئاشکرای کرد، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە وەسیم ئەسەد و گرووپە چەکدارییەکەی دەستیان هەبووە لە کوشتنی هاووڵاتییانی ناوچەی غوتای رۆژهەڵات.
ئەمە لە کاتێکدایە یەک هەفتە پێش ئێستا، هەمان دادگای تاوانەکان لە دیمەشق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بەشار ئەسەد و سزادانی هەشت بەرپرسی دیکەی رژێمی پێشووی سووریا دەرکرد.
وەسیم ئەسەد یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی خانەوادەی ئەسەد و کوڕی مامی بەشار ئەسەدە. لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریاوە لە ساڵی 2011، وەسیم سەرپەرشتیی چەندین گرووپی چەکداریی سەر بە رژێمی دەکرد.
ئەو هێزانە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی چەندین تاوانی گەورە دژی هاووڵاتییانی مەدەنی، بەتایبەتی لە ناوچەی غوتای رۆژهەڵات لە نزیک دیمەشق.
غوتای رۆژهەڵات بۆ چەندین ساڵ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە گەمارۆ درابوو و رووبەڕووی بۆردوومانێکی سەخت و هێرشی کیمیایی بووەوە.
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، دادگاکانی سووریا دەستیان بە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی سەرانی ئەو رژێمە کردووە لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی لە ماوەی دەسەڵاتیاندا ئەنجامیان داوە و تاوەکو ئێستا چەندین سزای قورس بەسەر سەرکردەکانی پێشوودا سەپێنراون.