ئەلاسکا؛ فڕۆکەیەک کەوتەخوارەوە و سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا

فەرماندەیی ئەلاسکا لە سوپای ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە فڕۆکەیەکی مەدەنی کە بە گرێبەست بۆ سوپا کاری دەکرد، لە ناوچەیەکی دوورەدەستی ویلایەتی ئەلاسکا کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستداوە.

فەرماندەیی ئەلاسکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی بنکەی راداری دوورمەودا لە "کەیپ نیونهام" کە دەکەوێتە دوورترین خاڵی باشووری رۆژئاوای ویلایەتەکە، کەوتووەتە خوارەوە. تیمەکانی فریاگوزاری کە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، پشتڕاستیان کردووەتەوە کە "هیچ کەسێک لە رووداوەکە رزگاری نەبووە."

لە بەیاننامەکەدا باسی ئەوە نەکراوە کە ئەو کەسانەی لەناو فڕۆکەکەدا بوون، سەرقاڵی چ جۆرە ئەرکێک بوون لەو بنکە رادارییەدا، کە بە شێوەیەکی گشتی چاودێری ئاسمانی ئەلاسکا دەکات. گوتەبێژێکی فەرماندەیی ئەلاسکا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە دەستیپێکردووە و دوای ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان، ناوی قوربانییەکان ئاشکرا دەکرێت.

لای خۆیەوە، رۆبێرت دەیڤس، فەرماندەی گشتیی فەرماندەیی ئەلاسکا، سەرەخۆشی خۆی بۆ قوربانییەکان دەربڕی و رایگەیاند: "ئەمە زیانێکی دڵتەزێنە بۆ خێزانی سەربازیمان و ئەو کۆمەڵگەیانەی خزمەتیان دەکەین." هەروەها گوتیشی: "ئەو کەسانە پیشەگەری دڵسۆز بوون و ئەرکێکی گرنگیان لە ژینگەیەکی سەختدا ئەنجام دەدا."