بەرگری شارستانی هەولێر رێنمایی نوێی بۆ خۆپاراستن لە ئاگرکەوتنەوە راگەیاند

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر، ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاڕاستەی هاونیشتمانیان و خاوەن پڕۆژە و کارگەکان کرد، تیایدا هۆشداری دەدات، بەهۆی زیادبوونی رووبەری پوش و پاوان و پێشبینییەکانی بەهێزیی با لە وەرزی داهاتوودا، مەترسیی تەشەنەسەندنی ئاگر زیاتر دەبێت.

شەممە 22ـی ئابی 2026، بەرگری شارستانی هەولێر بە راگەیەندراوێکدا چەند رێنامیی نوێی بۆ هاووڵاتییان و خاوەن کار و پرۆژەکان راگەیاند، بە گوێرەی رێنمایی و هۆشدارییەکانی بەرگری شارستانی هەولێر، رێکارە خۆپارێزییەکان بە پلەی یەکەم خاوەن بەنزینخانەکان، کۆگاکان، کارگەکان و کێڵگە پەلەوەرییەکان دەگرێتەوە، هەروەها داوا لە خاوەنکارەکان کراوە کە هێڵێکی بەربەست (ئاگر بڕ) بە پانی 10 تا 15 مەتر لە دەوروبەری شوێنەکانیان دروست بکەن و هەموو جۆرە پوش و پەڵاش و پاشماوەیەک کە گڕگرتنیان خێرایە لە ناوچەکە دوور بخەنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، رێگری تەواو دەکرێت لە سووتاندنی ناڕێکخراوی پوش و پاوان بە مەبەستی پاککردنەوە، چونکە بەهۆی باوە ئەگەری لەدەستدانی کۆنترۆڵ و دروستبوونی کارەساتی گەورە هەیە، هەروەها جەخت لەسەر ئامادەباشیی تەنکەری ئاو، سۆندەی پەستانی بەرز و دڵنیابوونەوە لە کارکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی دووکەڵ و گەرمی کراوەتەوە.

رێنمایی و هۆشدارییەکانی بەرگری شارستانی لایەنی کارەباشی گرتووەتەوە، تیایدا جەخت لە چاککردنی وایەرە بڕاوەکان و پاککردنەوەی ژێر تاوەرەکانی کارەبا و محەویلەکان کراوەتەوە، هاوکات پێویستە موەلیدە و تانکی سووتەمەنییەکان لە شوێنێکی دوور لە پوش و پاوان دابنرێن بۆ ئەوەی لە کاتی شۆرتی کارەبادا مەترسییەکە گەورەتر نەبێت.

لە کاتی هەستکردن بە هەر دووکەڵ یان ئاگرێک، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا دەکات هاووڵاتیان دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 115 بکەن، هاوکات جەخت لەسەر گرنگیی راهێنانی بەردەوامی کارمەندان و کرێکاران کراوەتەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لە کاتی فریاگوزاری و چۆڵکردنی شوێنەکاندا.