زانکۆی سەڵاحەدین ژمارەیەک بنکەی تەندروستی لەنێو کۆلێژەکان دەکاتەوە
زانکۆی سەڵاحەدین بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، بڕیاریدا چەند بنکەیەکی تەندروستیی لاوەکی لەنێو کۆلێژەکان بکاتەوە، ئەمەش بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ قوتابیانی قۆناخی یەکەم لە ئەنجامدانی پشکنینە تەندروستییەکان و کەمکردنەوەی جەنجاڵی لەسەر بنکەکانی ناو شار.
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆسەی کردنەوەی بنکە تەندروستییەکان لەنێو کۆلێژەکان دەستیپێکردووە و تێیدا پشکنینی چاو و پشکنینە گشتییەکان بۆ قوتابیان ئەنجام دەدرێن. گوتیشی، ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە ئاسانکاریکردنە بۆ ئەو قوتابیانەی لە قۆناخی یەکەم وەرگیراون، بەتایبەت ئەوانەی خەڵکی دەرەوەی شارن و شارەزاییەکی زۆریان لە ناوەندە تەندروستییەکانی ناو شار نییە، تاوەکو پێویست نەکات بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکان بچنە دەرەوەی کەمپی زانکۆ.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کۆلێژانەی لەنێو یەک باڵەخانە یان یەک کۆمەڵگەدان، یەک بنکەی تەندروستیی لاوەکییان بۆ دەکرێتەوە، بەڵام هەر کۆلێژێک کە سەربەخۆ بێت، بنکەیەکی تایبەت بە خۆی بۆ دەکرێتەوە. راشیگەیاند، پڕۆسەکە حەوت بنکەی تەندروستیی جێگیر، 10 بنکەی تەندروستی و پێنج بنکەی گەڕۆک و دەرەوەی شار لەخۆ دەگرێت.
زانکۆی سەڵاحەدین کە لە 16 کۆلێژ و بەشی جیاواز پێکهاتووە، بنکەیەکی تەندروستیی تایبەت بە مامۆستا و قوتابیانی هەیە. ئێستا زیاتر لە 26 هەزار قوتابی و نزیکەی 3,000 مامۆستا و دکتۆر و پرۆفیسۆر لەم زانکۆیەدا هەن، کە ساڵانە هەزاران دەرچوو لە پسپۆڕییە جیاوازەکان پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکات.