بەهۆی داواکاریی عەرەبەکانەوە؛ دۆسیەی جووتیارانی تەپەسەوز دواخرا
بۆ جاری دووەم دادگای قەزای دووزخورماتوو دانیشتنی دۆسیەی جووتیارانی گوندی تەپەسەوزی دواخست، هۆکارەکەشی بۆ داواکاریی عەرەبەکان دەگەڕێتەوە بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای تکریت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، ژمارەیەک لە جووتیارانی کوردی گوندی تەپەسەوز سەر بە قەزای دووزخورماتوو بۆ جاری دووەم چوونە بەردەم دادگای قەزاکە، بە مەبەستی بەشداریکردن لە دانیشتنی دادگاییکردنەکەیان.
لە کاتی دانیشتنەکەدا، عەرەبەکان داوایان لە دادوەر کرد سکاڵاکان لە دادگای دووزخورماتوو بگوێزرێنەوە بۆ دادگای تکریت، تاوەکو پرۆسەی دادگاییکردنەکە لەوێ بەڕێوەدەچێت. ئەمەش بە گوتەی شەماڵ محەممەد بۆ کوردستان 24، کە یەکێک لە جووتیارانی گوندەکە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، دادگای قەزای دووزخورماتوو لەسەر بنەمای ئەم داواکارییەی لایەنی عەرەبی بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکەی داوە، بۆ ئەوەی دادگای تایبەتمەند یەکلا بکاتەوە.
گوندی تەپەسەوز دەکەوێتە سنووری قەزای دووزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، ماوەیەکی زۆرە جووتیارانی کوردی ئەم گوندە کێشەی زەویوزاریان لەگەڵ عەرەبە هاوردەکاندا هەیە.
بەشێک لە عەرەبەکان پشت بە گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی حزبی بەعس دەبەستن بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان. ئەمەش وای کردووە بەردەوام گرژی لە نێوان هەردوو لایەندا دروست ببێت و چەندین جار عەرەبەکان لە دادگا سکاڵایان لەسەر جووتیارە کوردەکان تۆمار کردووە، تەنانەت لە هەندێک کاتدا بووەتە هۆی دەستگیرکردنی جووتیارە کوردەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.