قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە پێنجوێن دەستپێدەکات
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پێنجوێن بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و ئێستا دوو قۆناخی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە سنوورە ئامادەیە، بەڵام چاوەڕێی قەرەبووکردنەوەی جووتیارەکان دەکرێت.
لەوبارەیەوە رەئوف رەشید رەحیم، سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن، ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، بە کوردستان24 ـی راگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا 482 فەرمانبەر و خانەنشین و پێشمەرگە زەوییان وەرگرتووە و ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی تەواوکراون و نەخشەی زەوییەکان ئامادە کراون.
سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم پرۆسەی دابەشکردنی زەوی قەرەبوووکردنەوەی جووتیارانە، چونکە ئەو زەوییانەی لە سنوورەکە دابەش دەکرێن زەوی کشتوکاڵین و دەبێت جووتیاران قەرەبوو بکرێنەوە.
گوتیشی، نووسراویان بۆ وەزارەتی شارەوانی کردووە و هەر کاتێک بڕیاریان دا بە قەرەبووکردنەوەی جووتیاران، سەرەتای مانگی داهاتوو هەزار و 100 پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی سنوورەکە دابەش دەکەن.
سەبارەت بە وردەکاری و میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی جووتیارانە، رەئوف رەشید، ئاشکرای کرد، هەر جووتیارێک بەرامبەر چوار دۆنم زەوی، زەوییەکی بە رووبەری 200 مەتر پێدەدرێت و ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر بێت تا پێش سەری ساڵ پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پێنجوێن کۆتایی پێدەهێنن.
بە گوێرەی ئامارەکانی شارەوانی پێنجوێن دوو هەزار و 450 فەرمانبەر و خانەنشین و پێشمەرگەی سنوورەکە مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە و سەرجەم رێنمایی و مەرجەکان دەیانگرێتەوە.
رۆژی 25ـی ئایاری 2026، یەکەم قۆناخی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پێنجوێن بەڕێوەچوو و 380 کەس زەوی وەرگرت. دابەشکردنی زەوییەکان بە شێوەی خاڵبەندییە و لەو کەسانەوە دەستپێدەکات کە 52 خاڵیان هەیە تاوەکو دەگاتە 26 خاڵ.