زانکۆی دهۆک بەکارهێنانی وەتسئاپ و ڤایبەر لە نێوان مامۆستا و قوتابی قەدەخە دەکات

زانکۆی دهۆک بڕیاریدا کۆتایی بە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا لە خوێندندا بهێنێت و پلاتفۆڕمێکی فەرمی بۆ پەیوەندییەکان جێگیر بکات، هاوکات سەرۆکی زانکۆکە ئاشکرای کرد کە ئامادەکاری بۆ کردنەوەی چەند بەشێکی نوێی زانستی و هونەری دەکەن.

سەرۆکایەتیی زانکۆی دهۆک سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی فەرمی کارا دەکات و پەیوەندیکردنی نێوان مامۆستا و قوتابی لە رێگەی ئەپەکانی وەک وەتسئاپ، ڤایبەر، مەسنجەر و سۆشیاڵ میدیاوە بە تەواوی قەدەخە دەکات. جێگیرکردنی پلاتفۆڕمی فەرمیی "مودڵ" بۆ پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی، رێڕەوێکی نوێیە بۆ نەهێشتنی کەمتەرخەمی لە ئەرکە ئەکادیمییەکاندا.

دکتۆر داوود سلێمان ئەترووشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک بە کوردستان 24ـی راگەیاند، پلاتفۆڕمێکی فەرمییان بەناوی مودڵ کارا کردووە کە لە رێگەیەوە دەتوانن بە وردی چاودێریی پەیوەندییەکان و کێشەی قوتابییان بکەن و خێرا کار بۆ چارەسەرکردنیان بکەن. سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پلاتفۆڕمە یارمەتیدەرێکی گرنگە بۆ بەدواداچوونی ئەرکە ئەکادیمییەکانی مامۆستایان و رێگری دەکات لە هەر جۆرە پشتگوێخستنێک لە پڕۆسەی زانستیدا.

بەدیجیتاڵکردنی فەرمیی پەیوەندییە زانستییەکان، زانکۆی دهۆک دەکاتە نموونەیەکی پێشەنگ لە رێکخستنەوەی سیستەمی خوێندنی باڵا و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستاندا.

سەبارەت بە ئاستەنگەکان، سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمساڵ کێشەی خانەنشینبوونی ژمارەیەک لە پرۆفیسۆر و دکتۆر و مامۆستایانی زانکۆکەیان رووبەڕوو دەبێتەوە، ئەوەش بۆشاییەک لە بەش و کۆلێژەکان دروست دەکات. راشیگەیاند کە چەند جارێک داوایان کردووە میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خانەنشینبوونی مامۆستایان بدۆزرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر داوود سلێمان موژدەی بە ئارەزوومەندانی بواری سینەما و کولتووردا و رایگەیاند، ئەمساڵ ئامادەکاری دەکەن بۆ دابینکردنی هۆڵ و پێداویستییەکان و مامۆستا و پسپۆڕی تایبەتمەند، تاوەکو لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بەشەکانی "سینەما" و "کولتوورناسی" بکەنەوە.