پارتی و یەکێتی: بە هاوبه‌شی به‌رگریی له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دەکەین

ئەمڕۆ شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە و دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بارودۆخی تازەی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها تاوتوێکردنی یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە پرسە هەنووکەییەکان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەکارهێنانی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کردووەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بڕیاریاندا بە یەک هەڵوێست بەشداری لە کۆبوونەوەی 1ـی کانوونی یەکەمی 2026ـی بەغدا بکەن.

لەم کۆبوونەوەیەدا، هەردوولا پێداگرییان لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەییی عێراق کردەوە و هاوکات بەڵێنیاندا بە شێوەیەکی هاوبەش بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە یاوەری شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان چوونە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و شاندێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە بارەگای سەرەکی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەیەکی زیاتر لە دوو کاتژمێری ئەم راگەیەندراوە بڵاوکرایەوە.