لە کەسنەزان بارهەڵگرێک خۆی بە چەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا
رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر رێگەی کەسنەزان روویدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، لەسەر رێگەی سەرەکیی (هەولێر – کەسنەزان – کۆیە)، رووداوێکی گەورە و سەختی هاتوچۆ روویدا؛ بارهەڵگرێک خۆی بە چەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا و ئاگر لە شوێنی رووداوەکە کەوتەوە.
د. رێزان ئەنوەر، بەڕێوەبەری کردە پزیشکییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی پزیشکیی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئەنجامی رووداوەکە کەسێک گیانی لە دەستداوە و هەشت کەس برینداربوون.
لە لایەکی دیکەوە عەقید هێمن حەمەد، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوو تەرم لە شوێنی رووداوەکە هەڵگیراون و گواستراونەتەوە پزیشکی دادی هەولێر.
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر روونیشی کردەوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە تیژڕۆیی و نەمانی "ستۆپ" و بڕێکی بارهەڵگرەکە بووە، کە بەهۆیەوە شۆفێرەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و ئەو کارەساتەی لێکەوتووەتەوە.
هاوکات موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: بەهۆی رووداوەکە 7 ئۆتۆمبێل تێکشکاون و چواریان ئاگری گرتووە. ئاماژەی بەوەش دا، بارهەڵگرەکە خۆی بە خاڵێکی پۆلیسی هاتوچۆشدا کێشا و بەهۆیەوە پۆلیسێکی هاتوچۆ بریندار بووە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر باسی لەوەش کرد، شۆفێری بارهەڵگرەکە نەسووتاوە و لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.