وەزارەتی کشتوکاڵ: بەرهەمی هەنگوینی کوردستان بە رێژەی 20% زیادی کردووە
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵی کوردستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی تا 20% زیادی کردووە، ئاشکراشی دەکات کە کوالێتی هەنگوینی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدایە و هەنگاو بۆ بازاڕکردن و هەناردەکردنی دەنرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی راگەیاند "ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین لە ئاستێکی زۆر باشترا دەبینرێت بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. پێشبینی دەکرێت بڕی بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە نزیکەی 550 تا 600 تۆن، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو بڕی بەرهەم لە نێوان 450 تا 500 تۆندا بوو."
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیشیکردەوە، ئەم زیادبوونە کە بە ڕێژەی15%بۆ 20% بەراورد بە پار خەمڵێندراوە، دەگەڕێتەوە بۆ بووژانەوەی لەوەڕگە شاخاوییەکان و گونجاوی کەشوهەوا بۆ هەنگەوانی.
سەبارەت بە جوگرافیا و ناوچە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی هەنگوین لە هەرێمی کوردستان، قارەمان قادر ئاماژەی بەوە دا کە چەندین ناوچەی شاخاوی وەک ناوچەی سەرەکیی بەرهەمهێنان هەژمار دەکرێن، لەوانەش:
پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: ناوچەکانی چۆمان، باڵەکایەتی، سیدەکان و رواندز.
پارێزگای سلێمانی: ناوچەکانی پێنجوێن، ماوەت، قەرەداخ و شارباژێڕ.
پارێزگای دهۆک: ناوچەکانی ئامێدی، دینارتە و زاخۆ.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ جەختی لەسەر بەرزیی ئاستی کوالێتی بەرهەمی ناوخۆیی کردەوە و گوتی"هەنگوینی کوردستان خاوەن پلەی نایاب و نێودەوڵەتییە." ئاماژەی بەوەش دا کە بەناوبانگترین جۆرەکانی هەنگوین لە هەرێمی کوردستان بریتیین لە: (هەنگوینی کێوی، هەنگوینی بەڕوو، و هەنگوینی فرەگوڵ).
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ کوردستان24، قارەمان قادر ئاماری هەنگەوانانی خستەڕوو و ڕایگەیاند: لە ئێستادا زیاتر لە هەزار و 300 هەنگەوان بە فەرمی لە وەزارەتی کشتوکاڵ تۆمارکراون، کە خاوەنی نزیکەی 500000 پوورە هەنگن.
سەبارەت بە پاڵپشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمی ناوخۆیی و هەنگەوانان، گوتەبێژی وەزارەت رایگەیاند، وەزارەتەکەیان ئاسانکاری دەکات بۆ کردنەوەی دەرگای هەناردەکردنی هەنگوین بۆ دەرەوەی وڵات و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان. هاوکات لە رووی تەندروستییەوە، بەردەوام دەرمانی دژە نەخۆشییەکانی هەنگ، بەتایبەت دەرمانی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی (ڤارۆوا)، بۆ هەنگەوانان دابین دەکرێت.
ماوەیەک پێش ئێستا بێلان عوسمان ، قوتابیی دکتۆرا و توێژەر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند، توێژینەوەکەی سەلماندوویەتی کە هەنگوینی کوردستان پێکهاتەیەکی دەوڵەمەندی دژە ئۆکسان و دژە بەکتریای هەیە و رۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە بەهێزکردنی بەرگریی لەش. گوتیشی "ئەم توێژینەوەیە تەنیا کۆکردنەوەی داتا نییە، بەڵکو ناساندنێکی زانستیی سەلمێندراوە بۆ هەنگوینی کوردی لە نێوەندە توێژینەوەییەکان و بازاڕە جیهانییەکاندا."
ئەو توێژەرە جەختی لەوە کردەوە، ئەنجامەکان دڵخۆشکەرن و دەرکەوتووە کە هەنگوینی ناوچەکە لە هەندێک رووەوە لە هەنگوینی "مانوکا"ی نیوزلەندی باشترە، کە بە یەکێک لە گرانترین و باشترین جۆرەکانی هەنگوین لە جیهاندا دادەنرێت.
ساڵی 2024، نزیکەی 645 تۆن هەنگوین بەرهەم هاتووە.
لە چەند ساڵی رابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆری هەنگوینی بۆ یەکەمینجار هەناردە دەرەوە و ئەمەش بووە هۆی ساخکردنەوەی بەرهەمی هەنگەوانان.
لە 29ـی تشرینی دووەمی 2023، یەکەم بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی کوردستان گەیشتە قەتەر و دواتر هەناردەی چەند وڵاتێکی دیکە کرا.