سووریا بڕیاری فەرمی لە بارەی خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان دەردەکات

"زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت"

وەزارەتی پەروەردەی سووریا، بە بڕیارێکی فەرمی، خوێندنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکانی ئەو ناوچانەی رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردی تێدا نیشتەجێیە، پەسند کرد.

پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، محەمەد عەبدولڕەحمان ترکۆ، وەزیری پەروەردەی سووریا، بڕیاری فەرمیی ژمارە 2068/ 943ـی دەرکرد، کە تێیدا رێکارەکانی خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکانی وڵاتدا رێکدەخرێت. 

بە پێی نووسراوی وەزارەتەکە، ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی مافە کولتووری، زمانەوانییەکان و بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و ناسنامەی شارستانیی سووریایە.

بڕیارەکە کە لە چوارچێوەی هەموارکردنەوەی رێنماییە جێبەجێکارییەکانی پەیوەست بە مەرسومی ژمارە 13ـی ساڵی 2026 دەرچووە، کە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:

 

یەکەم: لە رووی پرۆگرامی خوێندنەوە

-خوێندنی زمانی کوردی، وەک زمانێکی نیشتمانی لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکانی ئەو ناوچانەی کە رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردی تێدا نیشتەجێن، دەستەبەر دەکرێت.

-خوێندنی ئەم زمانە لە سەرجەم قۆناخەکانی خوێندندا دەبێت و وەک بەشێکی سەرەکی لە پڕۆگرامی پەسندکراو هەژمار دەکرێت.

 

 پڕۆگرامی خوێندنی زمانی کوردی بەم شێوازە دابەش دەبێت

وانەی زمانی کوردی: بە تێکڕای سێ بەشەوانە لە هەفتەیەکدا دەخوێندرێت، قوتابی لە پاڵ زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزیدا دەیخوێنێت و نمرەکەی لە کۆی گشتیی نمرەکانی کۆتایی ساڵدا بە گوێرەی رێسا فەرمییەکان تۆمار دەکرێت.

وانەی چالاکییەکان: بە تێکڕای یەک بەشەوانە لە هەفتەیەکدا دەبێت. بۆ ئاسانکاری لە قۆناخی گواستنەوەدا، لە یەکەم ساڵی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەدا، ماف بە قوتابییان دەدرێت کە لە نێوان خوێندنی وانەکانی (کۆمەڵایەتی، مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە) بە زمانی عەرەبی یان زمانی کوردی، یەکێکیان هەڵبژێرن.

ناوەندی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی مەنهەجەکان راسپێردراوە بە ئامادەکردنی پرۆگرامە کوردییەکان بۆ سەرجەم قۆناخەکانی خوێندن بە پێی بنەما زانستی و پەروەردەییە فەرمییەکان.

 

دووەم: لە رووی کادیری پەروەردەیی و مامۆستایانەوە

وەزارەتی پەروەردە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە و سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی راسپاردووە بۆ دابینکردنی کادیری پێویست لە ناوەوە یان دەرەوەی میلاکی فەرمی، بەو مەرجەی کاندیدەکان ئەم خاڵانەیان تێدا بێت:

-هەڵگرانی بڕوانامەی زانکۆ یان بڕوانامەی پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان بن و شارەزایی تەواویان لە زمانی کوردیدا هەبێت.

-لە کاتی پێویستدا، دەکرێت هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی گشتی کە زمانی کوردی دەزانن، بەپێی پێویستیی راستەقینە دابمەزرێن.

-بۆ دڵنیابوون لە لێهاتوویی مامۆستایان، تاقیکردنەوەی نووسینەکی و زارەکی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی سەرپەرشتیاریی پەروەردەییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامەکان بە پێی پێوەرە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێت.

ئەم بڕیارە لە ئەمڕۆوە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و ئاراستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ کار پێکردنی.