عێراقییەکان بۆ خوێندن روو لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکەن
لە چوارچێوەی بەرنامەی وەرگرتنی قوتابییاندا لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق یەکی هەزار کورسیی خوێندنی بەکالۆریۆسیان بۆ قوتابییانی یەکدی دابین کردووە، کە 100 کورسییان بۆ بەشە پزیشکییەکان و 900 کورسییەکەی دیکەش بۆ بەشەکانی دیکەیە.
چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، تەواوی وردەکاریی وەرگرتنی هەزار قوتابیی نێوان هەرێم و عێراقی ئاشکرا کرد.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی بەرنامەی وەرگرتنی قوتابییان لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا، هەرێمی کوردستان هەزار کورسیی خوێندنی لە زانکۆکانی عێراق بۆ تەرخان کراوە و زانکۆکانی هەرێمیش هەزار کورسییان بۆ قوتابییانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دابین کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، لەو هەزار کورسییە، 100 کورسی بۆ بەشە پزیشکییەکانە و 900 کورسییەکەی دیکەش بۆ بەشەکانی ئەندازیاری، زانستە مرۆڤایەتییەکان و بەشەکانی دیکە؛ بەرنامەکەش تەنیا بۆ قۆناخی بەکالۆریۆسە.
سەبارەت بە ئەگەری سڕینەوەی ناوی قوتابییانی هەرێم لە زانکۆکانی کوردستان لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ زانکۆکانی عێراق، سەرچاوەکە روونی کردەوە، ئێستا لە زانکۆکانی هەرێمدا دەوامی خوێندن دەستیپێکردووە؛ ئەگەر قوتابییەک داواکاری پێشکەش بە زانکۆکانی عێراق بکات و ناوی نەیەتەوە، دەتوانێت لە زانکۆکەی خۆی لە هەرێم لە خوێندن بەردەوام بێت و ناوی ناسڕێتەوە؛ بەڵام ئەگەر ناوی لە عێراق هاتەوە و بڕیاری دا بڕوات، ئەو کاتە بەهۆی ئەوەی بەڵگەنامەی دەرچوون (وەسیقە) لە وەزارەت دەبات و لەوێ بەکاری دەهێنێت، ناوی لە زانکۆکانی هەرێم دەسڕێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا، سەرجەم دەرچووانی پۆلی 12ـی ئەمساڵ، دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، تەنانەت ئەوانەشی بەهۆی کەمیی کۆنمرەوە لە هیچ زانکۆ و پەیمانگەیەکی هەرێم ناویان نەهاتووەتەوە.
سەبارەت بە تێچووی خوێندنیش، سەرچاوەکە گوتی: پرۆسەکە بەپێی جۆری پێشکەشکردنی قوتابییەکە خۆیەتی؛ جا ئەگەر داواکاری بۆ خوێندنی گشتی و خۆڕایی پێشکەش بکات، یان بۆ سیستەمی پارالێڵ و ئێواران کە ئەوانیش لەم بەرنامەیەدا بەردەستن، ئەوا لە هەر کامیان پێشکەشی بکات و وەربگیرێت، بە پێی رێنماییەکانی ئەو بەشە دەبێت.
لەبارەی دابینکردنی بەشەناوخۆیی بۆ ئەو قوتابییانەی لەم بەرنامەیەدا وەردەگیرێن، سەرچاوەکە روونی کردەوە، دابینکردنی بەشەناوخۆیی لەلایەن خودی زانکۆکانەوە دیاریی دەکرێت نەک وەزارەت؛ دووپاتی کردەوە، لە ساڵی رابردوودا هیچ قوتابییەک کێشەی بەشەناوخۆیی نەبووە.
سەبارەت بە گەرەنتیی مافە ئەکادیمی، کارگێڕی و سەلامەتیی قوتابییانیش سەرچاوەکە گوتی: هەموو ئەو زانکۆیانەی پێشکەشکردنیان بۆ دەکرێت لە هەردوولا زانکۆی حکوومیی دانپێدانراون، بۆیە هیچ کێشەیەک بۆ قوتابییان دروست نابێت.
سەرچاوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا رێنمایی دەرچووانی پۆلی 12ـی کرد کە پێش پڕکردنەوەی فۆڕمەکە سەیری وردەکارییەکانی لاپەڕە 23ـی رێبەرەکە بکەن و بەپێی ویستی خۆیان بژاردەکان دیاریی بکەن.
روونیشی کردەوە، کە مەرج نییە هەموو 25 بژاردەکە پڕ بکەنەوە، بەڵکو ئەگەر قوتابییەک حەزی لە یەک یان دوو بەشی دیاریکراوە، دەتوانێت تەنیا ئەو یەک یان دوو بژاردەیە بنووسێت تا لەوەی خۆی دەیەوێت وەربگیرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، کردنەوەی دەرگای پێشکەشکردنی ئەلیکترۆنی (ئۆنڵاین)ـیان بۆ وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی (2025- 2026) لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆ حکوومییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 راگەیاند.
پرۆسەی پێشکەشکردن لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و تا کۆتایی رۆژی یەکشەممە (29ـی تشرینی دووەمی 2026) بەردەوام دەبێت.
شێواز و لینکەکانی پێشکەشکردن:
دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی هەرێمی کوردستان: دەتوانن لە رێگەی لینکی (dirasat.mohesr.gov.iq)ـەوە داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشکەش بکەن.
دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی ناوەڕاست و باشووری عێراق: دەتوانن لە رێگەی لینکی (regayzanko.com)ـەوە داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکەن.