رووسیا و ئێران لەسەر هەناردەکردنی گازی سروشتی گەیشتوونەتە پێشکەوتنی بەرچاو
باڵیۆزی ئێران لە مۆسکۆ رایگەیاند، وڵاتەکەی و رووسیا لە دانوستانەکانی هەناردەکردنی گازی سروشتیی رووسیا بۆ ئێران لە رێگەی هێڵێکی بۆریی وشکانی بە خاکی ئازەربایجاندا گەیشتوونەتە پێشکەوتنی زۆر باش، و لە قۆناخی یەکەمدا رۆژانە 150 ملیۆن مەتری سێجا گاز دەگوازرێتەوە.
هەینی 28ـی ئابی 2026، کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە رووسیا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، ئاشکرای کرد، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕ لە نێوان وەزارەتی نەوتی ئێران و کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی، هەردوولا رێککەوتوون کە پرۆسەی گواستنەوەی گاز لە رێگەی هێڵێکی بۆریی وشکانی و لە خاکی کۆماری ئازەربایجانەوە بەرەو شاری ئاستارای ئێران ئەنجام بدرێت.
باڵیۆزی ئێران گوتیشی: بەپێی رێککەوتنەکە، قەبارەی سەرەتایی گازی گوازراوە ساڵانە 55 ملیار مەتری سێجا دەبێت، کە هاوتای نزیکەی 150 ملیۆن مەتری سێجا لە رۆژێکدا و کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا.
کازم جەلالی جەختی لەوە کردەوە کە پرۆژەکە لە قۆناخی سەرەتایی تێپەڕیوە و لەسەر زۆربەی پرسە بنەڕەتییەکان لێکتێگەیشتن دروستبووە، و تەنیا یەک بۆ دوو پرسی تەکنیکی ماون کە لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی گازپرۆم تاوتوێ کراون.
ئاماژەی بەوەش کرد، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە شێوەیەکی راستەوخۆ و کەسی چاودێریی ئەم دۆسیەیە دەکات و داوای کردووە بە خێرایی گرێبەستەکان یەکلایی بکرێنەوە تا بچنە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.
ئەم پڕۆژە هاوبەشە بەشێکە لە هەوڵە ستراتیژییەکانی تاران بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی سەرەکیی ئاڵوگۆڕی وزە لە ناوچەکەدا، هاوکات دەستپێکردنی گواستنەوەی وشکانیی گاز لە رووسیاوە وەک سەرچاوەیەکی گرنگی وزە بۆ ئێران دادەنرێت لە کاتێکدا کە هێڵە دەریاییەکان لە کەنداو و گەرووی هورمز لە ژێر گوشار و سنووردارکردنی توندی گەمارۆدان دان.
رۆژی دووشەممە. بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکە دەستپێکردنی گەورەترین و توندترین هەڵمەتی ئابووریی لە مێژوودا بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری" (Operation Economic Outcast) دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای پاسداران راگەیاندبوو. لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، سزای گشتگیر بەسەر پێنج کەرتی سەرەکیی ئابووری و نزیکەی 60 کۆمپانیا، کەسایەتی و کەشتیی کەشتیگەلی سێبەری نەوت، تۆڕەکانی کڕینی تەکنۆلۆژیای ئەتۆم، مووشەک و گرووپە هاککەرەکاندا سەپێنرا.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئابووری دژی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا و سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجەی ئەو وڵاتە دووپاتیان کردەوە، هەر وڵاتێک مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، سزا دەدرێت.