الحرة: سزاکانی واشنتن بۆ سەر تاران، بەغدا دەخاتە بەردەم دوو بژاردەی دژوار

ماڵپەڕی الحرة لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، عێراق کەوتووەتە ناو تاقیکردنەوەیەکی ئاڵۆز لە پەیوەندییەکانیدا لە نێوان واشنتن و تاران، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا زنجیرەیەک سزای لە ژێر ناوی کەمپەینی "پرۆسەی گۆشەگیرکردنی ئابووریی" راگەیاند، کە تێیدا هەڕەشەی سەپاندنی سزای لاوەکی دەکات بەسەر هەر لایەنێکدا کە هاوکاریی دارایی لەگەڵ تاران بەردەوام بکات.

ماڵپەڕی الحرة، لە زاری سەرچاوەیەکی ناو نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، سەپاندنی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ژێر ناوی کەمپەینی "پرۆسەی گۆشەگیرکردنی ئابووری"، حکوومەتی عێراقی خستووەتە بەردەم دوو بژاردەی دژوارەوە؛ یاخود پابەندبوونی تەواو لەگەڵ قبووڵکردنی کورتهێنانی توندی وزە و کاڵاکان، یان پابەندنەبوون و رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی سزا ناڕاستەوخۆکانی ئەمریکا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە حکوومەتی عێراق ناچارە بڕیار و رێکارەکانی تایبەت بە سزاکان جێبەجێ بکات، بەڵام هاوکات هەوڵ دەدات خۆی لە لێکەوتە نەرێنییەکانی بەدوور بگرێت."

دەشڵێت: زەیدی داوای لە راوێژکارانی دارایی و وەزیرانی کارەبا  و نەوت کردووە کە ب ەپەلە چارەیەک بدۆزنەوە، یان داوای لێخۆشبوونی فەرمی لە ئەمریکا بکەن.

بە پێی راپۆرتەکەی ماڵپەڕەکە، سزا نوێیەکان پێنج کەرتی سەرەکی دەکەنە ئامانج کە بریتین لە: داراییە دیجیتاڵییەکان، تەکنەلۆجیا، زێڕ، فڕۆکەوانی و کەشتیوانی، سەرەڕای سزادانی 60 کەسایەتی، قەوارە و کەشتی، لەگەڵ راگرتنی ئەو مۆڵەتە گشتییانەی پێشتر رێگەیان بە هەندێک گواستنەوەی دارایی بەغدا لەگەڵ تاران دەدا.

هەروەها راپۆرتەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاوی کردووەتەوە، بەشێک لە سەرکردەکانی گرووپە چەکدارەکان پێیان وایە ئەم سزایانە بە ئامانجی بڕینی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان گرووپەکان و ئێرانە و بە سەرەتایەک بۆ سەپاندنی سزا بەسەر کەسایەتییە عێراقییەکاندا سەیر دەکرێت. ئەمەش هاوشێوەی کەمپەینی "توڕەیی ئابووری" بوو کە لە ئایاری رابردوودا بەرپرسێکی نەوتی عێراقی و سەرکردە گرێدراوەکانی بە گرووپە چەکدارەکانەوە کردە ئامانج.

لە لایەکی دیکەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، عێراق لە ساڵی 2011 یان 2012ـەوە و لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی بانکی لەگەڵ ئێراندا نەماوە. رووداوەکانی وەک بازرگانی سنووری بە درێژایی هەزار و 400 کیلۆمەتر و سەردانی ملیۆنان گەشتیار دەکرێت لە رێگەی بازاڕەکانی دیکەوە قەرەبوو بکرێنەوە. 

بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە "دۆسیەی گاز ئەولەویەتی یەکەمە"، چونکە هیچ جێگرەوەیەکی ناوخۆیی یان ژێرخانێکی گونجاو بۆ چارەکردنی گازی هاوەڵ نییە، سەرەڕای ئەوەی هەناردەی گازی ئێران بە تەواوی وەستاوە و لێخۆشبوونەکانی ئەمریکاش کە پێشتر 23 جار نوێکرابوونەوە، لە ئاداری 2025 کۆتاییان پێدێت.

هاوکات بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبا نیگەرانی خۆی لە بڕانی گاز دەربڕی و ئەم دۆسیەیەی بە دۆسیەیەکی سیاسی ناوبرد کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی حکوومەتەکەی زەیدی دەبێت.