ئاگر لە بەشێکی چیای سەفین کەوتەوە
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگرێک لە بەشێکی چیای سەفین کەوتەوە و بەهۆی هەڵکردنی باوە گەیشتە لووتکەی چیاکە؛ بەڵام بوونی مین، بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی بۆ نزیکبوونەوە و کوژاندنەوەی تەواوەتیی ئاگرەکە.
شەممە، 29ـی ئابی 2026، ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 گوتی: لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە دیوی گوندی خۆران لە چیای سەفین ئاگر کەوتووەتەوە. بەهۆی هەبوونی باوە، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنی کردووە و گەیشتووەتە لووتکەی چیاکە.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستبەجێ گەیشتوونەتە سەر چیاکە و لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی زیاتری ئاگرەکە بۆ دەوروبەری، بەڵام ناتوانن زۆر لە ئاگرەکە نزیک ببنەوە؛ چونکە ئەو بەشەی چیای سەفین کە ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە مینی لێیە، ئەمەش چوونە ناوەوەی تیمەکانی بۆ شوێنە سەختەکە مەحاڵ کردووە.
پەیامنێری کوردستان24، دەڵێت: سەرەڕای ئەم ئاستەنگە ئەمنییە، بەشێکی زۆری رووبەری ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە؛ بەڵام بەشە ماوەکەی بەهۆی بوونی کێڵگەی مین و سەختیی خاکەکەوە هێشتا بە تەواوی دانەمرکاوەتەوە و تیمەکان چاودێریی بارودۆخەکە دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە قانع حەمەد، بەڕێوەبەری بنکەی بەرگریی شارستانی شەقڵاوە، بە ئەحمەد عەبدولسەمەدی گوت: پێنج تیم لە شوێنی رووداوەکەن و لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان.
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا نزیکەی 90%ـی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.