زیاتر لە 60 هەزار کارتی بانکیی "هەژماری من" بۆ وەرگرتنەوە ئامادەن

پڕۆژەی هەژماری من لە قۆناخی کۆتاییدایە و تەنیا یەک رۆژ بۆ خۆتۆمارکردنی مووچەخۆران ماوە، هاوکات دابەشکردنی دەیان هەزار کارتی بانکی دەستی پێکردووە و دابەشکردنی مووچە بە نەختینە کۆتایی دێت.

سیڤان بەرزنجی، سەرپەرشتیاری تۆمارکردن لە پڕۆژەی هەژماری من، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 97%ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون." 

گوتیشی: "تیمەکانی تۆمارکردنمان ئاگادار کردووەتەوە، سبەی دووشەممە دوایین هەلە بۆ خۆتۆمارکردنی مووچەخۆران و بە هیچ شێوەیەک ئەم وادەیە درێژ ناکرێتەوە."

سەرپەرشتیاری تۆمارکردن ئەوەشی خستەڕوو، دەستنیشانکردنی ئەم وادەیە بۆ پڕکردنەوەی زانیارییەکان و کۆتاییهێنان بە پرۆسەکە، پاڵپشتە بەو رێککەوتنەی لە نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە، بەمەش پڕۆژەکە بە تەواوی دەبێتە دیجیتاڵی و سەردەمی دابەشکردنی مووچە بە نەختینە کۆتایی دێت.

سەبارەت بە دابەشکردنی کارتی بانکی، سیڤان بەرزنجی زانیاریی نوێی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئێستا زیاتر لە 60 هەزار کارت لە بانکە گشتییەکان ئامادەن بۆ وەرگرتنەوە. هەروەها لەم دوو رۆژەدا نزیکەی 30 هەزار کارتی دیکە دەنێردرێن بۆ بانکە گشتییەکان و ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنەوە. 

هەر لەم چوارچێوەیەدا، پڕۆژەی هەژماری من هانی مووچەخۆران دەدات ئاگاداری مۆبایلەکانیان بن، چونکە لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئەوەی سەردانی بانکەکان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە. هاوکات تەنیا 50 هەزار کارت لە ژێر چاپکردندا دەمێننەوە، ئەوانەش تاوەکوو هەفتەی داهاتوو ئامادە دەبن.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سیڤان بەرزنجی دڵنیایی دا لەم قۆناخەدا پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی مووچە بە باشی بەڕێوەدەچێت، زۆرینەی مووچەخۆران لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارەوە بێ هیچ گرفتێک مووچەکانیان وەردەگرن.