چوار فەرمانبەری کارەبای بابل بەهۆی گەندەڵییەوە دەستگیر کران

دەستەی دەستپاکیى فیدراڵی رایگەیاند، چوار فەرمانبەری وەزارەتی کارەبایان لە پارێزگای بابل دەستگیرکردووە، ئەو فەرمانبەرانە تۆمەتبارن بەوەی بە ئەنقەست زیانیان بە سەرمایە و بەرژەوەندیی شوێنی کارەکەیان گەیاندووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تیمی دەستپاکیی بابل دوای بەدواداچوون بۆ زانیارییەکان لەسەر ونبوونی پێنج  بڕەری خولیی کارەبا 'قاتعی کارەبا' لە وێستگەیەکی پارێزگاکە و دوای بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەر، چوونەتە وێستگەی کارەبای قەزای مەحاویل.

ئاماژەی بەوەش داوە، لەو پرۆسەیەدا، چوار چاودێری وێستگەکە دەستگیرکران کە ئەو ئامێرانە لەژێر بەرپرسیارێتیی ئەواندا بووە، تیمی لێکۆڵینەوە تۆمارەکانی ئامێرەکان و تۆماری سەردانیکردنیان دەستبەسەرداگرت و ئاشکرایانکرد کە نرخی ئەو بڕەرانەی کارەبا زۆر بەرزە.

باسی لەوەشکردووە، دوای رێکخستنی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، تۆمەتباران رادەستی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی حللە کران کە تایبەتە بە کێشەکانی دەستپاکی، دادوەر بەپێی ماددەی 340ـی یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری بەندکردنی بۆ ئەو چوار تۆمەتبارە دەرکرد.

لە بەرەبەیانی 28ـی حوزەیرانی 2026، هەڵمەتێکی چڕ و پڕ دژی گەندەڵکاران دەستیپێکرد تیایدا دەیان ئەندام پەرلەمان و بەرپرس و سەرۆک حزب بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە گەندەڵییەوە دەستگیر کران. ئۆپەراسیۆنەکەش دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان هات.

لە نوێترین لێدوانیشدا، رۆژی شەممە، 29ـی ئابی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە کەناڵی عێراقییەی راگەیاند، هەڵمەتی حکوومەت بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بەردەوامە و لە میانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەهای ئەو پارە و موڵکانەی گەڕێندراونەتەوە، گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ترلیۆن و 359 ملیار دینار.