%70ی دەریاچەکانی ئێران کەم ئاون

دەریاچەی ورمێ
دەریاچەی ورمێ

سەرۆکی رێکخراوی ژینگەپارێزی ئێران هۆشداری لە قەیرانی کەم ئاوی دەدات و رایگەیاند %70ی دەریاچەکانی وڵات کێشەی کەم ئاویان هەیە و ئەم دۆخە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ ژینگە.

شینا ئەنساری سەرۆکی رێکخراوی ژینگەپارێزی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی ئابی 2026 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وێڕای ئاشکراکردنی خراپی دۆخی سامانی ئاو لە وڵاتەکەی، راشیگەیاند، بۆ گرفتی کەم ئاوی ناچارن پەیڕەوی سسیتەمی بەکارهێنانەوە ئاو (ریسایکلین) بکەن، بە تایبەت بە ناچارکردنی دامەزراوە پیشەسازییەکان بە دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو.

گوتی " دەبێت دامەرزاوە پیشەسازییەکان بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی، سیستەمی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو پەیڕەو بکەن."

گوتیشی "پیشەسازییە گەورەکانی وەک پیترۆکیمیایی خۆراسان لە بۆجنۆرد بۆ ئەم بوارە و گرنگیدان بە دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو، دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر لە کەمکردنەوەی بەهەدەردانی سەرچاوەکانی ئاو هەبێت، میکانیزمێکی گرنگە بۆ شێوازی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو."

خۆراسانی باکوور بەهۆی ئەوەی خاوەنی شوێنی گرنگی ژیانی گیانلەبەرانی کێوی و تالاوی بەنرخە، رۆڵێکی تایبەت لە بەردەوامبوونی فرەچەشنیی ژینگەیی ناوچەکە دەگێڕێت و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و شوێنی ژیانی سروشتیی پارێزگاکە، لە ئەولەویەتە سەرەکییەکانی ژینگەی ئەو پارێزگایەیە.