ترەمپ: بە توندی لە ئێرانییەکان دەدەین

ترەمپ: سوپای ئەمریکا گەرووی هورمز دەپارێزێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران و رایگەیاند، وڵاتەکەی بە توندی لە ئێرانییەکان دەدات و کارەکانیان بە باشی بەڕێوە دەچێت. ئاماژەی کرد، واشنتن لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکان و ئایندەی دۆخەکە دەکات.

ترەمپ جەختی کردەوە، ئێران هەرگیز ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، گوتی: ئەو وڵاتە دەوڵەتێکی شکستخواردووە. گوتیشی: "ئەمەش بەو مانایە نییە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هێرشیان ناکاتە سەر."

سەبارەت بە ئاسایشی دەریاوانی لە ناوچەکە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ بارودۆخی گەرووی هورمز زۆر باشە و رۆژانە نزیکەی 30 کەشتی بەوێدا تێدەپەڕن. ئاماژەی بەوەش کرد، کەشتییەکان لەژێر پاراستنی سوپای ئەمریکادا لە گەرووەکە دەچنە دەرەوە، و بەهۆی بەردەوامی هەناردەی نەوتیشەوە، نرخەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرز نەبوونەتەوە.

ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ناوخۆی ئێران و گوتی: "ئێرانییەکان نازانن سەرکردەکەیان کێیە و مووچەی سەربازەکانیشیان نادەن، هیچ کەسێک نازانێت کێ لە ئێران بڕیاردەرە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "شی جین پینگی سەرۆکی چین، سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز هەڵوێستێکی بێلایەنی هەبووە.

هەوڵەکانی واشنتن و تاران لە مانگەکانی نیسان و حوزەیران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست و دەستەبەرکردنی ئازادی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز شکستیان هێنا. لە 13ـی تەممووزیشدا، ئەمریکا دوای هەرەسهێنانی رێککەوتنەکان، گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی دووبارە کردەوە و سنووردارکردنی توندی خستە سەر جووڵەی کەشتییەکانی ئەو وڵاتە، بە مەبەستی بێبەشکردنی تاران لە داهاتی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکی دراوی بیانییە بۆ ئێران.