لە بەغدا تۆڕێکی تایبەت بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی دزراو و تابلۆی ساختە دەستگیر کران
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، تۆڕێکی تایبەت بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی دزراو و ساختەکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە بەغدا هەڵوەشێندراوەتەوە، پاش ئەوەی سێ ئەندامی تۆڕەکە لە کاتی تاوانەکەدا دەستگیر کران.
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تیمەکانی دەزگای هەواڵگریی تایبەت بە بەدواداچوونی تۆڕەکانی ساختەکاری، زانیاریی وردیان لەبارەی چالاکیی تۆڕێک دەستکەوتووە کە بازرگانی بە ئۆتۆمبێلی دزراو و تابلۆی ساختەوە دەکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، لە دوای بەدەستهێنانی زانیارییەکان، تیمی هەواڵگری بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێنرا و بۆسەیەکیان دان، لە ئەنجامدا ئەندامانی تۆڕەکە دەستگیر کران و تۆڕەکەش هەڵوەشێندرایەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر 2 ئۆتۆمبێلی دزراو و ژمارەیەک تابلۆی ئۆتۆمبێلی ساختەدا گیراوە، تۆڕەکە ئەو تابلۆیانەیان بۆ هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتییان بەکارهێناوە و بەو رێگەیەش ویستوویانە وا نیشان بدەن کە ئۆتۆمبێلەکان بە رێکاری یاسایی بەڵگەدار کراون.
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، گوتەی تۆمەتباران وەرگیراوە و ئەوان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، بەهۆی ئەم دانپێدانانانەشەوە، تۆمەتباران رادەستی لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان کراون تا سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.