هەولێر.. فیلمی سینەمایی رێگای مەرگ نمایشکرا
بەرێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، فیلمی سینەمایی "رێگای مەرگ"، لە دەرهێنانی ئاری سنجاوییە، لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایشکرا.
چوارشەممە، 2ی ئەیلوولی 2026، ئاری سنجاوی، دەرهێنەری ئەو فیلمە سینەماییە بە کوردستان24ی راگەیاند، "چیرۆکی فیلمەکە باس لە سەردەمی شەڕ دەکات؛ حەوت پێشمەرگە بەرەو گوندێک دەڕۆن، بۆ ئەوەی ئەو گوندە لە دەستی جاش و هێزە ستەمکارەکان رزگار بکەن. لە ناو ئەم چیرۆکەدا، شوانێکی گوندنشین خەڵکی هەمان گوندە، بە نهێنی زانیارییە گرنگەکان بە هێزی پێشمەرگەکان دەگەیەنێت و رێگەی چوونە ناو گوند و شوێنی هێزەکانی جاشیان بۆ نیشان دەدات."
گوتیشی، "لە شەوێکی تاریکدا، پێشمەرگەکان هێرشێکی خێرا دەکەن و لە دوای پێکدادانێکی توند، موختاری گوند دەکوژن و گوندەکە لە ژێر دەسەڵاتی جاشەکان دەرباز دەکەن. خەڵکی گوند بە شادی و خۆشحاڵی پێشوازی لە پێشمەرگەکان دەکەن و هیوایەکی نوێ لە دڵیاندا دەگەشێتەوە."
ئاری سنجاوی زیاتر باس لە چیرۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "بەڵام ئەم شادییە زۆر بەردەوام نابێت؛ چونکە لە کاتی گەڕانەوەی پێشمەرگەکان، جاشەکان لە ناوچەیەکدا کەمینیان بۆ دادەنێن، لەوێ پێکدادانێکی خوێناوی و سەخت دەست پێ دەکات؛ پێشمەرگەکان بە دلێری و فیداکاری بەرگری لە یەکتر و لە هاوڕێکانیان دەکەن، تا ئەوەی رێگەی گەڕانەوەیان دەگۆڕێت بۆ رێگەی مەرگ و فیداکاری."
ئاری سنجاوی ئاماژەی بەوەش دا، "فیلمەکە لە رێگەی ئەم چیرۆکەوە تەنیا باس لە شەڕ ناکات، بەڵکو وێنەیەک لە بوێری، هاوڕێیەتی، فیداکاری، خۆڕاگری و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان پیشان دەدات. شوان و پێشمەرگەکان هەر یەکەیان بەشێک لە چیرۆکی ئەو سەردەمەیە کە مرۆڤ بۆ رزگاریی خاک و خەڵکەکەی خۆی دەکاتە قوربانی."
ئەو ئەکتەرانەی رۆڵی سەرەکی لەو فیلمە سینەماییەدا دەگێڕن بریتین لە، ئاری سنجاوی، هۆشنەگ ئەنوەر، محەمەد زەمزەمۆک، مام رەفیق، هاوکارە رەش، جەلال خەیلانی، مزەفەر ساڵەیی، ئاری، فەرهەنگ، محەمەد فەتاح، ئیسماعیل شەیدا، گوڵاڵە بێلاف، دکتۆرە لەیلا، کاروان، هەڵمەت، کانەبی، یوسف ئەنوەر، یوسف فۆلکلۆر.
بەرێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، هەموو چوارشەممەیەک بێبەرامبەر فیلمی سینەمایی لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایش دەکات.