یەکێتیی ئەوروپا و کەنەدا ئاستی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانیان پەرە پێدەدەن
ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە شاری مۆنتریالی کەنەدا لەگەڵ سەرکردە باڵاکان و بازرگانانی ئەوروپا و کەنەدا کۆبووەوە، بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاستی هاوبەشیی ئابووری و گەیاندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ قۆناغێکی نوێ.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە کە روانگە و بۆچوونی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران پاڵنەرێکی بنەڕەتییە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا و برەودان بە ئابوورییەکی بەهێزتر.
ڤۆن دێر لاین لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیا و بازرگانان لە نزیکەوە ئاگاداری لێکەوتە نەرێنییەکانی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانی جیهانن و باش لەوە تێدەگەن کە کێبڕکێیەکی توند لەسەر سەرچاوەکان لە ئارادایە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا روونیشی کردەوە، ئەزموونی دەستەی بازرگانان هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت تا پلان و ئامانجە ستراتیژییەکانی نێوان برۆکسل و ئۆتاوا لە چوارچێوەی نەخشە و کارنامەوە بگۆڕدرێن بۆ هەنگاوی کردەیی لەسەر زەمینی واقیع.
ئەم هەنگاوە نوێیە هاوتەریبە لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ نزیککردنەوەی زیاتری کەنەدا وەک "ئەندامی هاوبەش" لەگەڵ وڵاتانی یەکێتییەکەدا.
هاوکات چاودێرانی ئابووری پێیان وایە پتەوکردنی هاوبەشیی بازرگانیی نێوان هەردوولا، دەبێتە قەڵغانێکی بەهێز لە بەرامبەر شڵەژانی بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا و رێگری دەکات لە هەر پچڕانێک لە زنجیرەی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان.