سەعد مەعن: حکوومەت بۆ چەککردنی میلیشیاکان هەموو بژاردەیەکی لەبەردەستە
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، دیپلۆماسییەتی ئەمنی رۆڵێکی گرنگی لە چارەکردنی چەندان دۆسیەی ئەمنی هەبووە؛ جەختیشی کردەوە، بڕیاری ئاسایشیی نیشتمانی، دەبێت بڕیارێکی یەکگرتوو سەروەری بێت.
پرسی چەک داماڵێنی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بووەتە بابەتێکی گرنگ و چارەنووسسازی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، ئەمەش دوای چڕکردنەوەی فشارەکانی ئەمریکا لەسەر حکوومەتی فیدراڵ، لە دوای نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، کە بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە (30ـی ئەیلوولی 2026) سەرجەم هێزە بیانییەکان بنکەکانیان لە عێراق چۆڵ بکەن و جێبهێڵن.
لە تازەترین لێدوانیدا لەمبارەوە، سەعد مەعن سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق ئەمڕۆ هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، قسەی بۆ میدیای فەرمیی حکوومەتی فیدراڵ کردووە و رایگەیاندووە، پرۆسەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزە بیانییەکان و چەکداماڵینی گرووپە میلیشیاکان، گەیشتووەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو، بە تایبەت لە لایەنی دیپلۆماسییەتی ئەمنیداو ئەمەش بە واتای دەستبەرداربوون لە سەروەری نایەت، بەڵکو پاراستنی سەروەری وڵاتە لە رێگەی هەماهەنگی و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانەوە.
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی هێزەکان لە ناوخۆی وڵاتدا، مەعن ئاماژەیداوە، حکوومەتی عێراق ئەمڕۆ پێویستی بەوەیە، سەرجەم هێزە چەکدارەکان لە ژێر چەتر فەرمانی حکوومەتی فیدراڵدا بن؛ هەروەها بڕیاری ئاسایشیی نیشتمانی بڕیارێکی سەروەری یاسا و یەکگرتوویی بێت.
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە پرۆسەی چەککردنی گرووپە میلیشیاکان دەڵێت "حکوومەتی فیدراڵ قۆناخی گومان و ئەگەری چارەکردنی پرسی چەکداماڵینی گرووپەکانی تیپەڕاندووە و لە قۆناخی چۆنییەتی چارەکردنە، ئەمەش بەو واتایەی کە ئێستا لە جیاتی گەڕان بەدوای ئەگەرەکان، کار لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمێکی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی قۆناخەکە دەکات.
ئەم گەشبینییەی سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە کاتێکدایە تا ئێستا بەشێکی گرووپە میلیشیاکانی عێراق رەتی دەکەنەوە چەک رادەست بکەن و تا ئێستاش چەند جارێک گرژی لەنێوان بەشێک لە گرووپەکان و هێزە فەرمییەکانی فیدراڵ دروست بووە، بەڵام سەعد مەعن جەختی کردووەتەوە، حکوومەتی عێراق هەموو بژاردەیەکی بۆ گەیشتن بە ئامانج و خواستەکانی لەبەردەستدان.
چارەنووسی عێراق لەبەردەم کێشمەکێشی چەککردنی میلیشیاکان
دۆسیەی چەکداماڵینی گرووپە میلیشیاکان لە عێراق چووەتە قۆناخێکی ئاڵۆزتر، ئەوەش دوای ئاشکراکردنی پێشنیازێک کە لەلایەن چەند گرووپێکەوە پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی کراوە بەو پێیەی فەرماندەی گشتیی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانە، بە گوێرەی زانیارییە دزە پێکراوەکان پێشنیازی گرووپەکان ئەوەیە راستەوخۆ چەکەکانیان بە دەستەوە نەدەن، بەڵکو تا دوو ساڵ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، گرووپەکان چالاکییەکانیان هەڵپەسێرن، لەبری ئەوەی بە یەکجارەکی جبەخانەکانیان رادەستی حکوومەت بکەن.
پێشنیازی میلیشیاکان لەلایەن سێ سەرچاوەی سیاسیی عێراقییەوە بۆ پێگەی هەواڵی "ئەلعەرەبی جەدید"دزەی پێکراوە و بڵاوکراتەوە، ئەوەی ئاشکرا بووە، رەنگدانەوەی ئەو ئاڵۆزییەیە کە رووبەڕووی بەغدا بووەتەوە، بەوەی چۆن دەکرێت کۆتایی بە دیاردەی چەک لە دەرەوەی هێزە فەرمییەکانی دەوڵەت بهێنرێت، بێ ئەوەی وڵات پەلکێشی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ناوخۆیی لەگەڵ میلیشیاکان بکرێت، کە زۆرینەیان پەیوەندیان بە ئێرانەوە هەیە.
پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای کردووە، "کەتائیبی حزبوڵڵا" یەکێک بووە لەو لایەنانەی پێشنیازی سڕکردنی چەک و رادەست نەکردنی جبەخانەکانیان بە زەیدی داوە، مەرجیان ئەوەیە تا دوو ساڵی دیکە چەک و جبەخانەکانیان رادەست نەدەن و هەر لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بمێننەوە.
هەر لە پێشنیازەکەیاندا، داوای گەرەنتی پاراستنی ژیان و گیانی سەرکردەکانیان کردووە، کە لە پاشەڕۆژدا نەکرێنە ئامانج؛ بەڵام بەگوتەی پەرلەمانتارەکە، کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، حکوومەتی عێراق ئەمشێوازەی رەت کردووەتەوە و بە هەوڵێک بۆ خۆدزینەوە لەو بنەما یاساییەکانی پاراستنی سەروەری وڵات ناوی بردووە، ئەویش کۆتاییهێنانە بە بوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان.
ئێستا ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و میلیشیاکان تەنیا لەسەر راگرتنی چالاکییە چەکدارییەکان نییە، بەڵکو چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ئەوەی چەک تەنیا بە دەست حکوومەتەوە بێت.
بە گوتەی سەرچاوەکان، ئێستا مشتومڕی نێوان حکوومەتی عێراق و سەرکردەی گرووپە میلیشیاکان لە رێگەی نێوەندگیرانی ناوخۆیی بەڕێوە دەچێت و کار گەیشتووەتە نامە و پەیام گۆڕینەوەم چونکە عەلی زەیدی هیچ کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆی لەگەڵ سەرکردەی میلیشیاکان یان نوێنەرەکانیان سەبارەت بەو پێشنیازەی داویان، نەکردووە. نێوەندگیرەکانی هادی عامری، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پەیامەکەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
ئەو گرووپانەی رادەستکردنی چەکەکانیان رەت دەکەنەوە
میلیشیاکان هەڵوێستێکی یەکگرتوویان بەرامبەر بە دەستپێشخەرییەکەی حکوومەت نییە، لەنێویاندا "عەسائیبی ئەهلی حەق" و "کەتائیبی ئیمام عەلی"، ئامادەن چەکەکانیان رادەست بکەن؛ پێشتریش "سەرایا سەلام"ی سەر بە موقتەدا سەدر ئەم رێکخراوە چەکدارییەی هەڵوەشاندەوە بۆ ئەوەی چەکدارەکانی تێکەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکات، بەڵام بەشێک لە گرووپە میلیشیاکان سوورن لەسەر چەک دانەنێن بە تایبەت کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا.
نزیکەی 30 هەزار چەکدار ئامادەی رادەستکردنی چەکەکانیان نین
بەگوتەی راوێژکارەکە پێشووەکەی حکوومەتی عێراق، کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا، دیارترین ئەو سێ گرووپەن کە تا ئێستا ئامادە نین هیچ سازشێک بۆ رادەستکردنی چەک بکەن، کە بە گوێرەی ئامارە نا فەرمییەکان کۆی چەکدارەکانیان بە نزیکەی 30 هەزار ئەندام مەزندە دەکرێت، ئەگەر زیاتریش نەبن، کە بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە بەستراونەتەوە، بەڵام ئاماری چەک و جبەخانەکانیان تایبەت بە گرووپەکانی خۆیانە و ئاشکرا نییە. لێرەشدا بەهۆی ئەوەی بە یاسا و دەنگدانی پەرلەمانی، دەستەی حەشدی شەعبی بەشێکە لە دامەزراوەی سەربازیی سیستەمی بەرگریی عێراق، ئەمەش بووەتە لەمپەرێک لەبەردەم جێبەجێکردنی پرۆسەی چەکداماڵینی میلیشیاکان.
حکوومەتی فیدراڵ ئاماری تەواوی لەسەر جبەخانەی میلشیاکان نییە
ئەو کێشەیە ریشەییەی لە بەردەم هەر رێککەوتنێکدا هەیە، ئەوەیە حکوومەتی عێراق بە وردی بڕ و جۆری ئەو چەکانە نازانێت کە لە دەستی میلیشیاکاندا هەیە. لەمبارەیەوە، راوێژکارێکی پێشووی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کردووە، بەغدا خاوەنی بنکەیەکی زانیاریی دروست و گشتگیری لەسەر کۆگاکانی چەکی گرووپە میلشیاکان نییە ئەمەش گومان و بێ متمانەیی دروستکردووە، ئەگەر رێککەوتنیش بکرێت، بەڵام گرووپەکان تەواوی چەک و جبەخانەکانیان را دەست نەکەن.
لێرەدا یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی دۆسیەی عێراق دەردەکەوێت، حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی یاساییە لەناو دەوڵەتدا، بەڵام ژمارەیەک لەو گرووپانەی لە چوارچێوەی ئەو دەستەیەدان، لە هەمان کاتدا پەیکەری رێکخراوەیی، سەرکردایەتی و توانای سەربازیی تایبەت بە خۆیان هەیە. لەبەر ئەمەشە واشنتن پێی وایە تەنیا گواستنەوەی ناوی چەکەکان بۆ سەر حەشدی شەعبی بەس نەبێت، ئەگەر هاتوو کۆنترۆڵی کردارییان لە دەستی گرووپەکاندا بمێنێتەوە.
حکوومەتی فیدراڵ ئاماری تەواوی لەسەر جبەخانەی میلشیاکان نییە
ئەو کێشەیە ریشەییەی لە بەردەم هەر رێککەوتنێکدا هەیە، ئەوەیە حکوونەتت عێراق بە وردی بڕ و جۆری ئەو چەکانە نازانێت کە لە دەستی میلیشیاکاندا هەیە. لەمبارەیەوە، راوێژکارێکی پێشووی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کردووە، بەغدا خاوەنی بنکەیەکی زانیاریی دروست و گشتگیری لەسەر کۆگاکانی چەکی گرووپە میلشیاکان نییە ئەمەش گومان و بێ متمانەیی دروستکردووە، ئەگەر رێککەوتنیش بکرێت، بەڵام گرووپەکان تەواوی چەک و جبەخانەکانیان را دەست نەکەن.