مەزڵووم عەبدی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا ئاسایی دەکەینەوە

مەزڵووم عەبدی، راوێژکاری سەرۆککۆماری سووریا دەڵێت: "پێویستە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکەینەوە و ناچاریش نەبین جارێکی دیکە رێگەی شەڕ و ئاڵۆزی ناگرینەوە بەر". 

مەزڵووم عەبدی چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی ئیلکەی تورکی کردووە و ئەمڕۆ هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، چاوپێکەوتنەکە بڵاوکرایەوە و ئاشکرای کرد، گفتوگۆیەکی بونیاتنەران لە نێوان ئێمە و تورکیادا هەیە، گوتی "دەبێت پەیوەندییەکان لەسەر بنەمایەکی سروشتی و بونیاتنەرانە بەڕێوە بچن، چونکە بەڵێنم بە خۆم داوە، تا ناچار نەبم رێگە نادەم گەلەکەمان جارێکی دیکە تووشی شەڕ و ئاڵۆزی ببێتەوە."

دوای ئەوەی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای سووریا کۆتایی هات، مەزڵووم عەبدی بە مەرسوومێکی فەرمی سەرۆککۆماری سووریا بە راوێژکاری سەرۆککۆماری دەستنیشان کرا.

ئەمە یەکەم چاوپێکەوتنی عەبدییە لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی تورکیا بڵاودەکرێتەوە، هەرچەندە دوێنێ پێنجشەممە 3ـی ئەیلوولی 2026، هەواڵی لە لیستی تیرۆر دەرهێنانی مەزڵووم عەبدی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، میدیاکانی تورکیا تەنی و ئەمڕۆ دەرکەوتنی عەبدی بە جلی مەدەنی و وەک راوێژکاری سەرۆککۆمار، وەک سەلماندنی راستی ئەو هەواڵەی دوێنێ میدیاکانی تورکیا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.

لە چاوپێکەوتنەکەدا، عەبدی لە بارەی داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تێکەڵبوون بە سوپای سووریا، خوێندنی زمانی کوردی، دەستووری نوێ، ئەرکەکەی لە سەرۆکایەتیی کۆمار و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا قسەی کرد. پەیامی هاوبەشی هەردوو دیمانەکە ئەوە بوو کە دوای 15 ساڵ لە خەباتی چەکداری، سیاسەتی کوردی چووەتە قۆناخێکی نوێ.

تێکەڵبوون نەک خۆبەدەستەوەدان

مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە تێکەڵبوونی هێزەکان بە مانای خۆبەدەستەوەدان نایەت، بەڵکو فەرماندە و یەکەکانی هەسەدە بە یەکەوە بوونەتە بەشێک لە سوپای سووریا. 

عەبدی بڕوای وایە قۆناخی داهاتووی خەبات لە بواری دەستووری، سیاسی و دیپلۆماسیدا دەبێت و بە دەستەواژەی "کۆتایی و دەستپێک" وەسفی کۆتاییهاتنی قۆناخی چەکداری کرد و دەڵێت: ئێستا کاتی ئەوەیە کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا ماف و پێگەی خۆی بەدەست بهێنێت.

عەبدی روونیکردەوە لە سەردەمی رژێمی بەعسی سووریادا، رێگە نەدەدرا کورد بە ناسنامەی خۆیەوە هەبێت، بەڵام ئێستا دەرفەتی ئەوە هەیە لە پێکهاتەی سووریای نوێیدا شوێنی خۆیان بکەنەوە. هەرچەندە هێشتا هەموو داخوازییەکان جێبەجێ نەکراون، بەڵام پێیوایە مافە نیشتمانی و کولتووری و کارگێڕییەکان دەبێت لە دەستووردا مسۆگەر بکرێن.

خوێندنی کوردی

سەبارەت بە خوێندنی کوردی، عەبدی بە وریاییەوە قسە دەکات. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا منداڵان تا زانکۆ بە کوردی دەیانخوێند، بەڵام مافەکانی ئێستا لەو ئەزموونە کەمترن. عەبدی پێیوایە کێشەی زمانی کوردی تەنیا پەیوەندی بە سووریاوە نییە، بەڵکو سیاسەتی وڵاتانی دراوسێش کاریگەریان لەسەرە. لەگەڵ ئەوەشدا، داوا دەکات کۆمەڵگەی کوردی بەردەوام بن لەوەی منداڵەکانی بخەنە بەر خوێندنی کوردی.

داهاتووی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا

عەبدی ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆسەی ئامادەکردنی دەستوور بۆ کورد زۆر گرنگە و هیوادارە نوێنەرانی کورد لەو لیژنەیەدا بەشدار بن. ئەو جەخت دەکاتەوە کە 15 ساڵ تەنیا شەڕ نەبووە، بەڵکو شێوازێکی نوێی ژیانی کۆمەڵایەتی دروست بووە و دەبێت ئەو ئەزموونە سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە قۆناخی نوێدا پارێزگاری لێ بکرێت.