بەڵگەفیلمی 'ژیان دوای ئازادی' لە هیندستان پێشبڕکێی وەرگرتنی خەڵات دەکات

بەڵگەفیلمی "ژیان دوای ئازادی" لە دەرهێنانی شەماڵ حوسێنە، لە خولی 16یەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەحمەدئاباد لە وڵاتی هیندستان کاندید کراوە بۆ بردنەوەی خەڵات.

هەینی، 4ی ئەیلوولی 2026، شەماڵ حوسێن، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم بەڵگەفیلمە 22 خولەکە و چیرۆکێکی مرۆیی کاریگەر لەسەر ژیانی گەنجانی کوردی ئێزدی لە دوای رزگاربوونیان لە ژێر دەستی داعش دەگێڕێتەوە و فیلمەکە زیاتر لەسەر ئەوە وەستاوەتەوە کە گەنجانی رزگاربووی ئێزدی، دوای ئەو هەموو ئازار و تراژیدییەی بەسەریان هاتووە، چۆن هەوڵ دەدەن ژیانیان لە نوێوە دەست پێ بکەنەوە."

گوتیشی، "ناوەڕۆکی فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ئیرادەی ئەو گەنجانە بۆ دەستپێکردنەوەی ژیان لە رێگەی هاوسەرگیری و دروستکردنی خێزان، سەرەڕای ئەو زەبرە دەروونییە قورس و ناخۆشانەی لە ماوەی رابردوودا بەسەریان هاتووە. لە بەڵگەفیلمەکەدا، ژیانی ژن و پیاوی گەنجی ئێزدی لە دوای رزگاربوونیان لە دەستی داعش دەخرێتە بەردەم بینەر؛ ژیانێک کە بە رزگاربوون کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو قۆناخێکی نوێی تێکۆشان و هەوڵدان بۆ ژیانێکی ئاسایی دەستی پێکردووە."

ئەو دەرهێنەرە باس لە رووداوەکانی ناو فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "لە فیلمەکەدا هەوڵم داوە تەنیا باس لە رووداوەکانی رابردوو نەکەم، بەڵکو سەرنج دەخەمە سەر ژیانی دوای رزگاربوون؛ ئەو کاتەی رزگاربووان دەبێت لەگەڵ کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو رابردووە بژین و لە هەمان کاتدا بۆ داهاتووی خۆیان پلان دابنێن."

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەحمەدئاباد، یەکێکە لە بۆنە سینەماییە نێودەوڵەتییەکان لە شاری ئەحمەدئابادی هیندستان، لە ساڵی 2026دا بەشداریی بەرهەمهێنەرانی سینەما و فیلمسازانی وڵاتانی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت. لەو وەرزەدا زیاتر لە 4700 فیلم لە 150 وڵاتەوە پێشکەش کراون و فێستیڤاڵەکە بە مەبەستی پشتگیریکردن لە دەنگی جیاواز و بەرهەمی نوێی سینەمایی بەڕێوەدەچێت.

خولی 16یەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەحمەدئاباد، بڕیارە 30ی ئەیلوولی 2026 لە هیندستان بەڕێوەبچێت و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.