ئەکسیۆس: ئەمریکا ستراتیژییەتێکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆشەگیرکردنی ئێران دادەڕێژێت

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کار لەسەر داڕشتنی رەشنووسی پلانێکی گشتگیر دەکات بۆ قۆناغی دوای جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پلانەکە سەرنجی سەرەکی دەخاتە سەر رێگریکردن لە ئێران و فراوانکردنی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە.

هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، هەرچەندە پلانەکە لە قۆناغی سەرەتایی داڕشتندایە، بەڵام ئامانج لێی دیاریکردنی رێڕەوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە لە دوو ساڵی داهاتووی خولی سەرۆکایەتی ترەمپدا، بەتایبەت دوای کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ ئێران، ئەم پلانە هاوکاتە لەگەڵ دوو رووداوی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لە 27ـی تشرینی یەکەم و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمریکا لە تشرینی دووەمدا.

سەرچاوەکان روونیان کردووەتەوە، ترەمپ لە کۆبوونەوە تایبەتییەکانیدا باسی لەوە کردووە کار لەسەر شتێکی زۆر گەورەتر دەکات بۆ ناوچەکە، ستراتیژییەتە نوێیەکە لە سێ تەوەری سەرەکی پێکدێت:

1-  دروستکردنی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی لە وڵاتانی دۆستی ئەمریکا بۆ گۆشەگیرکردن و کۆنترۆڵکردنی ئێران، بە جۆرێک ئەمریکا گەرەنتییەری ئەو هاوپەیمانییە بێت.

2-  کۆتاییهێنان بە لێکەوتەکانی هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر لە رێگەی جێبەجێکردنی قۆناغی داهاتووی پلانی غەزە، گەیشتن بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و سووریا و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئیسرائیل و لوبنان.

3-  فراوانکردنی رێککەوتنی ئیبراهیم و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل.

ئیدارەی ترەمپ هیوادارە هەر حکوومەتێکی نوێ کە لە ئیسرائیل دوای هەڵبژاردنەکان پێکبێت، ئامادەی هاوکاری بێت لە جێبەجێکردنی ئەم پلانەدا، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی جەختدەکەنەوە، ترەمپ فشاری جێبەجێکردنی پلانەکە دەکات بەبێ رەچاوکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی چەقبەستوویی سیاسی لەو وڵاتەشدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، داڕشتنی کۆتایی پلانەکە چەند هەفتەیەکی دیکەی پێدەچێت و گوتی: "پلانەکە لەسەر ئاگرە، بەڵام هێشتا نەکوڵاوە." هەروەها روونیشیکردەوە هێشتا روون نییە ئایا هەموو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە تەواوی لەگەڵ ئەم هەنگاوانەدا دەبن یان نا.