سەدان مامۆستای ئاینی کێبڕکێ بۆ بوون بە رێبەری حاجیان دەکەن

تاقیکردنەوەیەک بۆ 465 مامۆستای ئاینی بەمەبەستی دیاریکردنیان وەک رێبەری حاجیان بۆ وەرزی حەجی ساڵی 2027 بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ، شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی پرۆسەی تاقیکردنەوەکەی بەشێوەی وزاری و لە کاتژمێرێکدا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەرێوەبرد.

ستوونی ئاشکرایکرد، ئامانج لەم تاقیکردنەوەیە دەستنیشانکردنی شایستەترین مامۆستایانە تا ئەو کاتەی ناویان دەچێتە ناو تیروپشکێکەوە بۆ هەڵبژاردنیان وەک رێبەر لە دوو وەرزی حەجدا. 

گوتەبێژی حەج و عومرە روونیکردەوە، هەر پرۆسەیەکی ساڵانەی حەج 31 رێبەر لەخۆ دەگرێت.

پرۆسەی تاقیکردنەوەکە لە سێ بنکەی سەرەکیدا بەڕێوەچوو:

- بنکەی هەولێر: تایبەت بە بەشداربووانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
- بنکەی سلێمانی: بۆ مامۆستایانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان.
- بنکەی دهۆک: بۆ مامۆستایانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

سەبارەت بە مەرجەکانی بەشداریکردن، ستوونی روونیکردەوە کە وەزارەتی ئەوقاف چەند پێوەرێکی بۆ داواکاران دیاری کردووە:

- بەشداربوو دەبێت پێشنوێژ و وتارخوێن، یان تەنیا پێشنوێژ، یان تەنیا وتارخوێن بێت.
- بەشداربوو دەبێت لەسەر میلاکی فەرمیی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بێت.
- تەمەنی بەشداربوو دەبێت لە نێوان 30 بۆ 60 ساڵدا بێت.