بەهۆی گڕکانەوە 209 گەشتی ئاسمانی لە ئیندۆنیزیا هەڵوەشانەوە
خۆڵەمێشی گڕکان 209 گەشتی ئاسمانی لە جاکارتا رادەگرێت
بەهۆی تەقینەوەی چیای ئاناک کێراکاتاو و بڵاوبوونەوەی خۆڵەمێشی گڕکانەکە لە ئیندۆنیزیا، کارکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سوکارنۆ-هاتا بە شێوەیەکی کاتی راگیرا و 209 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشایەوە یان کاریگەرییان لەسەر دروست بوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، فڕۆکەخانەکە لە رێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام رایگەیاند، بەهۆی پێویستییەکانی سەلامەتیی گەشتە ئاسمانییەکان، راگرتنی گەشتەکان تا کاتژمێر 9:30ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆ درێژکراوەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر بڕیار بوو رێوشوێنەکە کاتژمێر 5:30ـی بەیانی کۆتایی بێت. بەرپرسان روونیکردەوە، گەشتە کاریگەرەکان 160 گەشتی ناوخۆیی، 39 گەشتی نێودەوڵەتی و 10 گەشتی بارهەڵگر بوون.
وەزارەتی گواستنەوەی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، گڕکانەکە شەوی هەینی دەستی بە تەقینەوە کردووە و ئەمڕۆ یەکشەممە بەیانیش خۆڵەمێشی گڕکانەکە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە بینراوە.
شارەزایانی کەشناسی روونیکردەوە، خۆڵەمێشەکە لەو لایەی روو لە دوورگەی جاڤایە بۆ بەرزیی نزیکەی 6 هەزار مەتر بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا ستوونی خۆڵەمێشەکە بەرەو سۆماترا و بەشێک لە هەرێمی بانتن گەیشتووەتە نزیکەی 15 هەزار مەتر.
ئاژانسی نیشتمانیی کەمکردنەوەی کاریگەریی کارەساتەکان داوای لە دانیشتووان کردووە هێمن بن و ئاستی وریایی بەرز بکەنەوە. ئاژانسەکە ئامۆژگاریی ئەوەی کردووە لە کاتی کەوتنی خۆڵەمێشدا ماسک و کەرەستەی پاراستنی چاو بەکاربهێنن، چالاکییەکانی دەرەوە کەم بکەنەوە، سەرچاوەکانی ئاو دابپۆشن و بەهۆی نزمیی ئاستی بینینەوە لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا وریابن.
میدیا خۆجێییەکان هەواڵی راگرتنی چالاکییەکانی ژمارەیەک قوتابخانەیان بڵاوکردووەتەوە. هاوکات دانیشتووان و قوتابیان سکاڵای هەستیاریی چاویان بەهۆی خۆڵەمێشەکەوە کردووە، لە کاتێکدا هەندێک لە ماسیگرانیش گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.
لای خۆشییەوە ئاژانسی کارەساتەکان شەممەی رابردوو جەختیکردەوە، هیچ مەترسییەکی نزیک بۆ دروستبوونی شەپۆلی تسۆنامی بەهۆی چالاکیی گڕکانەکەوە نییە.