حکوومەت سێ رێکاری بۆ ساخکردنەوەی گەنمی جووتیاران گرتووەتەبەر

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ سەرۆکی حکوومەت رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی پاراستنی مافی جووتیاران و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنم، سێ رێکاری کارگێڕیی گرتە بەر.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ لە قۆناخی یەکەمدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 387 هەزار تەن گەنمی لە جووتیاران وەرگرت، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە پشکی دیاریکراوی حکوومەتی عێراق 400 هەزار تەن بوو. ئەو پرۆسەیە لە مانگی حوزەیران دەستیپێکرد و لە 19ـی تەمووز کۆتاییهات.

لە قۆناخی دووەمدا، حکوومەت داوای لە دوو کۆمپانیای ناوخۆیی کرد گەنمی ماوەی لای جووتیاران بکڕنەوە، کە لە ماوەی یەک مانگدا نزیکەی 200 هەزار تەن گەنمیان وەرگرت.

سەبارەت بە قۆناخی سێیەم، نەوزاد شێخ کامیل باسی لە پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵا کرد بۆ ئاسانکاری هەناردەکردنی گەنم بۆ دەرەوەی وڵات. لەم چوارچێوەیەدا، 11 کۆمپانیا ناوی خۆیان تۆمار کرد و رێکارە کارگێڕیی و داراییەکانیان تەواو کردووە. حکوومەت بۆ هاندانی زیاتری کۆمپانیاکان، مەرجی مۆڵەتی بازرگانیی تایبەتی لاداوە و رێگەی داوە گەنمەکە راستەوخۆ لە کۆگاکانەوە بۆ گومرگەکان بگوازرێتەوە.

لەبارەی گومرگەوە، نووسراوێک لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگ کراوە تا ئەو 245 هەزار تەن گەنمەی هەناردە دەکرێت، لە باجی گومرگی ببەخشرێت. ئەم بڕیارە بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی تێچووی کۆمپانیاکان و کێبڕکێکردن لە بازاڕەکانی دەرەوەی وڵات دراوە.

ئێستا ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان رێکارەکانیان کۆتایی پێهێناوە و چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا پرۆسەی هەناردەکردنی گەنم دەستپێبکات. ئامانجی سەرەکی حکوومەت ساغکردنەوەی ئەو بڕە گەنمەیە کە لە جووتیاران کڕدراوەتەوە و ئەمساڵ بە گشتی زیاتر لە 800 هەزار تەن گەنم لە هەرێمی کوردستان کڕدراوە.

هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم هەنگاوە دەیەوێت بەرهەمی ناوخۆ بناسێنێت و متمانەی بازرگانانی بیانی بۆ کڕینی گەنمی کوردستان لە ساڵانی داهاتوودا بەدەست بهێنێت.

وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە بە نرخی 400 هەزار دینار بۆ هەر تەنێک کۆتاییهاتووە. ئەو بڕە گەنمەی هەناردەی دەرەوە ناکرێت، بۆ پێداویستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت.