بەرهەمی سماقی سەردەشت گەیشتووەتە زیاتر لە سێ هەزار تۆن

بەڕێوەبەری کشتووکاڵی سەردەشت: بەرهەمی ئەمساڵی سماق دوو هێندەی ساڵی رابردووە

ئەحمەد عەلی پوور بەڕێوەبەری کشتووکاڵی سەردەشت بە ئاژانسی فەرمی ئێرانی راگەیاندووە، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە سێ هەزار بەرهەمی سروشتی سماقیان لە سنووری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو قەبارەی بەرهەمەکە دوو هێندە بووە.

عەلی پوور دەڵێت: رووبەری باخەکانی سماق لە شاری سەردەشت نزیکەی 1500 هێکتار دەبێت، بەمەش بووەتە ناوەندی ئەم بەرهەمە سروشتییە لە ئاستی ناوچەکە و سەرانسەری ئێراندا.

گوتیشی: زۆری دابارینی ئەمساڵ و لەباربوونی کەشوهەوا، کاریگەرییەکی باشیان لەسەر زیادبوونی بەرهەمی سماق هەبووەو زیاتر لە دوو هێندەی ساڵی رابردوو ئەم بەرهەمە سروشتییە کۆکراوەتەوە.

بەڕێوەبەری کشتووکاڵی سەردەشت ئاماژەیداوە، بەرهەمی سماقی سنووری شارەکە بە تەواوی سروشتین و هیچ پەین و ماددەیەکی کیمیایی بۆ بەرهەمهێنانەکەی بەکار ناهێنرێت، ئەمەش وایکردووە سماقی سەردەشت لە جۆر و چێژەوە تایبەتمەندیی هەبێت و لە بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش خواستێکی زۆری لەسەر بێت و بەشێکی بەرهەمەکەش هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت.

گوتیشی: بەشێوەیەکی گشتیی بەرهەمی شکاندنەوەی سماق لە هەر هێکتارێکدا دوو تۆن دەبێت و فراوانبوونی رووبەری دارستانەکانی سماق، هەلی کاری زیاتر و داهاتێکی زیاتر و باشتری بۆ باشکردنی بژێوی گوندنیشنانی سنووری سەردەشت دەبێت.

عەلی پوور دەڵێت: جیا لە کارەی بۆ بەشێک لە گوندنیشان بە شکاندنەوە و کۆکردنەوەی بەرهەمی سماق دەرەخسێت، بەشێکی دیکەش بە هاڕینی دەنکەکانی سقام و هەلی کاریان بۆ رەخساوە، بەرهەمەکەش جیا لەوەی بۆ تام و چێژی خواردن لەلایەن خێزانەکان و چێشتخانەکان بەکار دەهێندرێت، بەشێکیشی دەکرێتە پێکهاتەی دەرمانە تەندروستییەکان. 

شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری پارێزگای ورمێ هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەڵکەوتەی سنووری شارەکە زیاتر شاخاوی و بە درستانی چڕ داپۆشراوە، نزیکەی 80 هەزار هێتکاری بە دارستان داپۆشراوە و جیا لە بەرهەمی سماق، ساڵان هەزاران تۆن ترێ، گوێز، بادام، هەنجیر، قەزوان و چەندان جۆری دیکەی بەرهەمی گیایی لێ کۆ دەکرێتەوە بۆ خواردن و دروستکردنی دەرمان بەکار دەهێندرین.