تاران بۆ سیئۆل: هەر جووڵەیەکی سەربازی لە گەرووی هورمز لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی توند دەداتە کۆریای باشوور لەبارەی هەر جۆرە جێگیرکردنێکی سەربازی یان بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز و رایدەگەیەنێت، هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە وەک پشتگیریکردن لە "دەستدرێژیکار" هەژمار دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی دایە کۆریای باشوور لە جێگیرکردنی هێزی سەربازی یان بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز و رایگەیاند، کارێکی لەو شێوەیە "لێکەوتەی توندی" دەبێت. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، داوای لە سیئۆل کرد نەکەوێتە ژێر کاریگەری "فشار و هەڕەشەکانی ئەمریکا".
بەقایی لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی X نووسیویەتی: "هەر جۆرە جێگیرکردنێکی سەربازی یان بەشداریکردنی وڵاتانی دیکە لە ئۆپەراسیۆنەکانی کەنداوی عەرەبی یان گەرووی هورمز، تەنیا وەک پشتگیریی رەها بۆ ئەو لایەنە هەژمار دەکرێت کە بەرپرسیارە لە دەستدرێژییەکان و دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت."
ئەم هۆشدارییەی تاران دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی رابردوو، سیئۆل رایگەیاندبوو لێکۆڵینەوە لە "بەشداریکردن" لە هەوڵە ئەمنییەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز دەکات، بەو مەرجەی کاریگەری لەسەر ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکەی نەبێت، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کردبوو کە هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەو بارەیەوە نەدراوە.
گەرووی هورمز کە رێڕەوێکی جیهانییە و نزیکەی 1/5ی نەوت و گازی سروشتیی جیهانی پیادا تێدەپەڕێت، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا لە 28ی شوباتەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو لەژێر کۆنترۆڵی تاراندایە. بەهۆی جەنگەوە جووڵەی بازرگانی لەو گەرووە بە تەواوی پەکیکەوتووە و ئەمەش بازاڕەکانی وزەی جیهانی تووشی کێشەی گەورە کردووە.
ئێستا ئێران داوا لە کەشتییەکان دەکات بۆ تێپەڕین مۆڵەت لە تاران وەربگرن، ئەمەش هەنگاوێکە واشنتن و چەند وڵاتێکی ناوچەکە دژی دەوەستنەوە، بەڵام تاران جەخت دەکاتەوە کە گەڕانەوە بۆ سیستەمی پێش جەنگ و هاتوچۆی بێ سنوور لەو گەرووەدا مەحاڵە.