هەولێر.. کۆتایی بە گرفتی چەندین ساڵەی بێ ناسنامەیی منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتان دەهێنرێت

بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتیی هەولێر رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی دابینکردنی کارتی نیشتمانی بۆ منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتان بەردەوامە و جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە ئەو ناسنامانە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ کارتی هاووڵاتییانی ئاسایی نییە و تەواوی مافە یاساییەکانیان بۆ فەراهەم دەکات.

زەیتۆ تۆفیق، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتیی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026 بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "ئەمڕۆ حەوت منداڵی دیکەی خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر، کە پێنج کوڕ و دوو کچن، کارتی نیشتمانییان وەرگرت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتریش هەشت منداڵی دیکە لە هەمان خانە بوبوونە خاوەنی ناسنامەی فەرمی."

بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کرد، نەبوونی کارتی نیشتمانی لە ڕابردوودا گرفتێکی گەورە بووە و بووەتە هۆی بێبەشبوونی ئەو منداڵانە لە چەندین مافی یاسایی، بەتایبەت لەکاتی چوونە قوتابخانەدا، هەرچەندە بە هەماهەنگی وەزارەتەکانی کار و پەروەردە بە شێوەیەکی کاتی گرفتەکانیان بۆ چارە دەکرا.

سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەکە، زەیتۆ تۆفیق گوتی "بەشێک لەو منداڵانە دایک و باوکیان نادیارە، یان بەهۆی نەبوونی گرێبەستی شەرعی و یاسایی هاوسەرگیریی دایک و باوکیان، دۆزینەوەیان کارێکی قورس بووە. کەیسی وا هەبووە سێ ساڵ مامەڵەکانی کێشاوە، بەتایبەت ئەو دۆسیانەی پێویستیان بە دادگای بەغدا هەبووە."

 ئاماژەی بەوەش کرد،ا 25 منداڵی دیکە ماون کە مامەڵەکانیان تەواو بێت و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو منداڵەکان دەبنە خاوەنی ناسنامە، هەروەها نموونەی بە یەکێک لەو منداڵانە هێنایەوە کە ئەمڕۆ کارتەکەی وەرگرتووە و تەمەنی 18 ساڵە و بڕیارە ئەمساڵ بچێتە پەیمانگا.

لەبارەی جۆری کارتەکانەوە، زەیتۆ تۆفیق دڵنیایی دا کە "هیچ جیاوازییەک لەنێوان کارتی نیشتمانیی ئەم منداڵانە و هاووڵاتییانی ئاساییدا نییە." گوتیشی "لە خانەکەدا تەواوی خزمەتگوزارییەکانی خوێندن، حەوانەوە و یاری فەراهەم کراوە و تەنیا گرفتیان نەبوونی ناسنامە بوو، کە ئێستا چارە دەکرێت."

بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی باسی لە دۆخی دەروونیی منداڵەکان کرد و گوتی "دوای وەرگرتنی کارتەکان، منداڵەکان لە رووی دەروونییەوە زۆر دڵخۆش و ئاسوودە بوون."

جێی ئاماژەیە لە خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر 69 منداڵ (40 کچ و 29 کوڕ) نیشتەجێن، کە تەمەنیان لەنێوان یەک رۆژ تاوەکو 18 ساڵیدایە.