زانکۆی سمنان قوتابییە عێراقییەکان ئاگادار دەکاتەوە کە دەستبەجێ ئێران بەجێبهێڵن
بۆ دووەم شەو لەسەریەک لە شاری سمنانی ئێران، هێرشێکی توند دەکرێتە سەر بەشەناوخۆیی قوتابییانی عێراقی و ئیدارەی زانکۆکەش ئاگاداری کردوونەتەوە کە بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان، بە زووترین کات خاکی ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.
دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، یەکێک لە قوتابییە عێراقییەکانی زانکۆی سمنان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 وردەکاریی رووداوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند ژیانی سەدان قوتابی لە مەترسییەکی گەورەدایە.
بە گوتەی ئەو قوتابییە، شەوی یەکەم پیاوێکی سەرخۆش و ئافرەتێک چوونەتە نزیک بەشەناوخۆییەکەیان و قسەی نەشیاویان کردووە، کاتێک قوتابییەکان لەوێ دووریان خستوونەتەوە، دوای کاتژمێرێک بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو سەدان کەس هێرشیان کردووەتە سەر بەشەناوخۆییەکە و لە قوتابییە عێراقییەکانیان داوە.
ئەو قوتابییە ئاماژەی بەوەش کرد کە شەوی دووەمیش، کاتێک چەند قوتابییەک لە بازاڕکردن گەڕاونەتەوە بۆ کۆمەڵگەی فیردەوسی، لەلایەن سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێکەوە هێرشیان کراوەتە سەر، و دواتریش دەیان کەسی دیکە بە ساتوور و چەکی سووکەوە هەوڵی هەڵکوتانە سەر بەشەناوخۆییەکەیان داوە، بەڵام قوتابییەکان بە کۆمەڵ هاتوونەتە خوارەوە و رێگرییان لێکردوون.
قوتابییە عێراقییەکە رایگەیاند دۆخیان ئێجگار نالەبارە و لەلایەن سەرۆکایەتیی زانکۆی سمنانەوە بە فەرمی پێیان راگەیەندراوە، ناتوانن پارێزگارییان لێبکەن و دەبێت دەستبەجێ ئێران چۆڵ بکەن؛ هەروەها هاواری لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقی کرد و گوتی: "تەنیا قوتابیی کوڕ لێرە نین، بەڵکو دەیان قوتابیی کچ لە بەشەناوخۆیی کچان گیریان خواردووە و ترسی ئەوەمان هەیە هێرش بکرێتە سەر ئەوانیش، لە کاتێکدا دەروازەکانی دەرچوونمان لێ داخراوە و داوای بەهاناوەچوونی بەپەلە دەکەین."
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان 24، زیاتر لە 5 هەزار قوتابیی عێراقی لە زانکۆی سمنان لە ئێران دەخوێنن. هەرچەندە بەشێکیان دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەکان گەڕاونەتەوە عێراق و بەشێکیشیان چوونەتە شارەکانی دیکە، بەڵام ئێستا زیاتر لە هەزار و 500 قوتابیی عێراقی لە پارێزگای سمنان ماونەتەوە و بەهۆی ئەم گرژییانەوە چارەنووسیان نادیارە.