عێراق و لوبنان جەخت لە دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ئاڵۆزی دەکەنەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی لوبنان، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی خولی 166ـی ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە کۆبوونەوە و جەختیان لە گرنگی کارکردن بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە گرژی و ئاڵۆزی زیاتر کردەوە.
دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و یوسف رەجی هاوتا لوبنانییەکەی کۆبوونەوە، لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگی هاوبەش بۆ خزمەتی هەردوو وڵات تاوتوێ کرا، هەروەها هەردوولا باسیان لەو ئاڵۆزییانە کرد ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت و لێکەوتە نەرێنییەکانی لەسەر ئاسایشی وزە و دابینکردنی نەوت خستەڕوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، حسێن جەختی لە گرنگی دیالۆگی نێوان ئەمریکا و ئێران کردەوە و رایگەیاند، پێویستە پەنا بۆ رێگە دیپلۆماسییەکان ببرێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی لوبنان سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی عێراق دەربڕی و هەڵوێستەکانی بەغدای لە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیری لوبنان بەرز نرخاند.