ئاگرین عەبدوڵڵا: تونێلی ماوەران سێ مانگ پێش وادەی خۆی تەواو دەبێت

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی ڕێگەی کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل و تونێلی ماوەران یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و کارەکانی بە خێراییەکی زۆر بەڕێوەدەچن، بە جۆرێک سێ مانگ پێش وادەی دیاریکراوی خۆی تەواو دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەم پڕۆژەیە کە تەواوکاریی رێگەی کۆڕێ- شەقڵاوە- قەندیلە، بە شەدەمارێکی گرنگی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، تیمەکانی کارکردن بە شەو و رۆژ و بە خێراییەکی زۆر سەرقاڵی کارکردنن، ئێمەش وەک وەزارەت بە مەیدانی سەردانی پڕۆژەکەمان کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری شەونخۆنی و بەڕێوەچوونی کارەکان بین."

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەش کرد، کارەکانی پڕۆژەکە بە کوالێتییەکی ئەندازیاریی بەرز جێبەجێ دەکرێن و گوتی "تەواوی پڕۆژەکە لەگەڵ تونێلەکەدا، لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو دەبێت، ئەمەش سێ مانگ پێش ئەو وادەیە دەکەوێت کە پێشتر بۆی دیاریکرابوو، بەڵام بەشی رێگاکە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بە رووی شۆفێراندا دەکرێتەوە."

پڕۆژەی دروستکردنی تونێلی ماوەران، کە بە یەکێک لە پڕۆژە هەرە گرنگەکان دادەنرێت، رێگەی نێوان هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە شێوەیەکی بەرچاو کورتتر دەکاتەوە.

ئێستا پڕۆژەکە کەوتووەتە قۆناغێکی کۆتایی و تاوەکو ئێستا 70٪ـی کارەکانی تەواو بووە. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیش بەردەوام چاودێریی مەیدانیی پڕۆژەکە دەکات تاوەکو لە کاتی دیاریکراو و بە کوالێتییەکی بەرز بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان.