شارەوانیی باتیفا ئامادەکارییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو دەستپێکرد
سەرۆکایەتیی شارەوانیی باتیفا پلانێکی چڕوپڕی بۆ رووبەڕووبوونەوەی وەرزی زستان و رێگری لە دروستبوونی لافاو دەستپێکردووە؛ ئامانج لە رێکارەکانیش پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان و دووبارەنەبوونەوەی مەترسییەکانی ساڵانی رابردووە.
رۆژی سێشەممە، 8ی ئەیلوولی 2026، مەسعود مستەفا، سەرۆکی شارەوانیی باتیفا بە کوردستان24ـی راگەیاند: "پلانێکی تێروتەسەلمان بۆ رێگری لە دروستبوونی لافاو ئامادە کردووە و دەستمان بە پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان کردووە. ئەم رێکارانە لەسەرانسەری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە شێوەیەکی گشتی گیراونەتە بەر و ئێستاش بەگوێرەی پلانەکە کارەکان بەردەوامن."
سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوەش کرد، پلانەکە بریتییە لە دروستکردنی ئاوڕێژی نوێ و پاککردنەوەی ئاوڕێژە کۆنەکان بە تەکنیکی "سارووخی"، کە پێشتر زۆربەیان بەهۆی کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک و قوڕاوەوە لەکارکەوتبوون. ئاشکراشی کرد کە تا ئێستا لە سنووری قەزای باتیفا 25 لەو ئاوەڕۆیانە پاککراونەتەوە.
سەبارەت بە پڕۆژە نوێیەکانیش، مەسعود مستەفا گوتی: "لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە بڕیاردراوە 400 مەتری دیکە ئاوڕێژ دروست بکرێت. هەروەها جۆگەڵەی سەرخۆڵ لەو شوێنانە دروستکراون کە رێژەیەکی زۆر ئاوی لێوە دێتە ناو شارەکەوە، ئەمەش تا رادەیەکی زۆر مەترسیی لافاو کەم دەکاتەوە."
بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارانی بەخوڕ، سەرۆکی شارەوانی باسی لەوەش کرد کە لەو شوێنانەی ئاوەڕۆکان توانای لەخۆگرتنی بڕێکی زۆر ئاویان نەبووە، رێڕەوی ئاوەکەیان گۆڕیوە. هاوکات تیمی شارەوانی لەلایەن تیمێکی خۆبەخشی گەنجانی ناوچەکەوە پاڵپشتی دەکرێن، بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر رووداوێکی نەخوازراودا هاوکاری تیمەکان بن.