هەولێر و بەغدا هەماهەنگی لە بواری مافەکانی مرۆڤ دەکەن
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خالید شوانی، وەزیری دادی حکوومەتی فیدراڵی عێراق کۆبوونەوە و پرسی بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانیان لە بواری مافەکانی مرۆڤ و پابەندییە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، دکتۆر دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هەردوو لایەن کردەوە، بەتایبەت لە پرۆسەی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەکردنی راپۆرتە نیشتیمانییەکان، بەشێوەیەک تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان بەوردی لەبەرچاو بگیرێن.
هەروەها رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، گرنگیی بەشداریی کاریگەری هەرێمی کوردستان لە میکانیزم و پرۆسە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و هەماهەنگی لە چوارچێوەی پلانی نیشتیمانیی مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵانی 2026 تا 2030 روونیکردەوە.
لەبەرامبەردا، خالید شوانی جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە و ئامادەییی خۆی بۆ درێژەدان بە کاری هاوبەش دەربڕی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لایەن جەختیان لە بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش کردەوە، بەمەبەستی دڵنیابوون لە بەدواداچوون و جێبەجێکردنی کاریگەری راسپاردە و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لە بواری مافەکانی مرۆڤ.