سوپای پاسداران: دەستمان بەسەر ژێر دەریاییەکی ئەمریکادا گرت

هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی ئاڵۆزدا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، توانیویانە دەست بەسەر یەکێک لە پێشکەوتووترین ژێردەریاییە زیرەک و بێسەرنشینەکانی سوپای ئەمریکادا بگرن.

سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، هێزی دەریاییی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، " لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی و کردارێکی مەیدانیی ئاڵۆز لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، توانیان یەکێک لە مۆدێرنترین ژێردەریاییە زیرەک و بێسەرنشینەکانی سوپای ئەمریکا لە دەروازەی چوونەژوورەوەی گەرووی هورمز بخەنە تەڵەوە و راوی بکەن."

سوپای پاسداران لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: "ئەم ژێردەریاییە بێسەرنشینە لە نوێترین و باڵاترین تەکنەلۆژیای ژێردەریایی لەسەر ئاستی جیهان سوودی لێ وەرگیراوە و تەنیا ساڵی رابردوو (2025) بە فەرمی رادەستی کەشتیگەلی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا کرابوو بۆ ئەنجامدانی ئەرکی تایبەت."

سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە: "ئەم کەرەستە دەریاییە پێشکەوتووە ئێستا وەک دەستکەوتی جەنگ لای هێزەکانمان پارێزراوە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سەرجەم وێنە و بەڵگە ڤیدیۆییەکانی بۆ گەلی ئێران و رای گشتی جیهان بڵاودەکەینەوە

هەروەها سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەدا باسی لەوە کردووە، درۆنێکی پێشکەوتووی جۆری MQ-1 لە ڕێگەی سیستەمی نوێی بەرگریی پێشکەوتووی سوپاوە و لەژێر کۆنترۆڵی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتدا، لە ئاسمانی گەرووی هورمز ڕێگریی لێ کرا و تێکشکێنرا.

ژێردەریاییە زیرەکەکەی ئەمریکا (Dive-LD)

ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، ژێردەریاییە بێسەرنشینەکەی ئەمریکا ناسراو بە "Dive-LD" بە یەکێک لە پێشکەوتووترین کەرەستە دەریاییە زیرەکەکانی جیهان دادەنرێت؛ ئامێرێکی خۆبزوێن و نهێنییە کە توانای کارکردنی هەیە لە قووڵترین خاڵەکانی ئۆقیانووسدا بەبێ ئەوەی پێویستی بە مرۆڤ هەبێت.

ژێردەریایی "Dive-LD" بەرهەمی کۆمپانیای تەکنەلۆژیای بەرگریی ئەمریکی "ئاندۆریل ئیندەستریز"ە (Anduril Industries). یەکەم وەشانی ئەم سیستەمە لە ساڵی 2025 بە فەرمی ڕادەستی یەکەی سیستەمە ژێردەریاییە بێسەرنشینەکانی هێزی دەریاییی ئەمریکا کرا.

درێژیی ئەم ژێردەریاییە نزیکەی 5.8 مەترە و کێشەکەی دەگاتە نزیکەی سێ تۆن؛ بە تەواوی بۆ ئەنجامدانی ئەرکی سەربەخۆ و درێژخایەن لە ئاوە قووڵەکاندا دیزاین کراوە.

بەپێی تایبەتمەندییە فەرمییەکانی کۆمپانیای دروستکەر:

- دەتوانێت بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام لەژێر ئاودا بمێنێتەوە و ئەرکەکانی ئەنجام بدات.

- توانای نوقمبوونی هەیە تا قوڵایی 6 هەزار مەتر لەژێر رووی ئاودا، کە کەمترین ژێردەریایی لە جیهاندا دەتوانێت بگاتە ئەو ئاستە.

- دیزاینەکەی بە شێوەی مۆدیولار و لە رێگەی تەکنۆلۆژیای چاپی سێ رەهەندییەوە (3D Printing) دروستکراوە، ئەمەش وادەکات بە خێرایی جۆرەها هەستەوەر، کامێرا و کەرەستەی هەواڵگریی جیاوازی لەسەر جێگیر بکرێت.

ئەم ژێردەریاییە زیرەکە بۆ چەندین ئامانجی هەستیار دروستکراوە، لەوانە:

1. سیخوڕی و چاودێریی ژێردەریایی و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لەسەر کەشتیگەلی دوژمن.

2. نەخشەکێشانی وردی بنکەی دەریا و ئۆقیانووسەکان.

3. دۆزینەوە و پووچەڵکردنەوەی مینە دەریاییەکان.

4. پشکنین و چاودێریکردنی کێبڵە نێودەوڵەتییەکانی ئینتەرنێت و بۆرییە نەوت و گازەکانی ژێر دەریا.

5. پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕی دژە ژێردەریایی و گواستنەوەی داتای نهێنی.

خاڵی هەرە بەهێزی ئەم سیستەمە بریتییە لە کارکردنی بە ژیریی دەستکرد و خۆبەڕێوەبەریی تەواو (Autonomy)، کە وادەکات بەبێ پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ بنکەی فەرماندەیی، خۆی بڕیار لەسەر رێڕەوی کارەکانی بدات و بە نهێنی لە قووڵایی ئاودا بمێنێتەوە.