ترەمپ: کەس پێشبینی نەدەکرد فشارەکانمان بۆ سەر ئێران هێندە کاریگەر بن

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: کە سیاسەتی سزاکان و فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران سەرکەوتنێکی بێپێشینەیان بەدەستهێناوە و تاران چیدیکە توانای نییە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

 سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئێران چیدیکە هیچ دەرفەتێکی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی نییە و سزاکانی سەری بە تەواوی سەرکەوتوو بوون.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، گەمارۆکان زۆر بەهێز و کاران و ئەنجامەکانیان لە سەرووی ئاستی پێشبینییەکانەوە بووە. گوتیشی: "ئێمە بە توندترین شێوە سزای ئێرانمان داوە و زەبرێکی بەهێزمان لێ وەشاندوون."

 ترەمپ دووپاتی کردەوە، ئەمە توندترین سزایە کە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوە و پێشتر کەس پێشبینی نەدەکرد پرۆسەی فشارەکان بۆ سەر ئێران بەم شێوەیە سەرکەوتوو بێت.

سێنتکۆم، دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە نیسانی ئەمساڵ، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە 13ـی نیسانەوە گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا سەپاند و تا 18ـی حوزەیران بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا رێگریان لە 140 کەشتی کرد و نۆ کەشتی دیکەیان لە کارخست.

هەروەها دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست، بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا لە 14ـی تەممووزی ئەمساڵ بۆ جاری دووەم هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆیان بەسەر ئێران سەپاند و تا ئێستا بەردەوامە.

پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، زیانی رۆژانەی ئێران بەهۆی ئەو گەمارۆیە دەگاتە 500 ملیۆن دۆلار.