روبیۆ: کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لەناو دەبەین

ئەمریکا هەڕەشەی لەناوبردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئێران کرد لەبارەی بەردەوامبوونی هەوڵەکانی بۆ ئامانجگرتنی کەشتییە دەریایییەکانی ئەمریکا. روبیۆ جەختیکردەوە، واشنتن لە هەر کاتێکدا تاران هەوڵێکی لەو شێوەیە بدات، وەڵامی دەبێت بە لەناوبردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان نەوتییەکانی ئێران.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ کۆلۆمبیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئێران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ لێدانی کەشتییە دەریایییەکانی ئەمریکا، هەر کاتێکیش ئەو کارە بکات یان هەوڵی بدات، نەوتهەڵگرەکانی لەدەست دەدات".

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم: سەبارەت بە لەناوبردنی پێنج تانکەری نەوت کە بە گوتەی ئەوان سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بوون. ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ ئەو هەوڵانەی لە دوو رۆژی رابردوودا بە ئامانجی پێکانی کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا بە مووشەکی بالیستی درابوون.

سێنتکۆم لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، کەشتییە جەنگییەکەی ئەمریکا توانیویەتی لە هێرشەکان خۆی بەدوور بگرێت و بەردەوام بووە لە ئەرکەکانی بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی بە تاقمی کەشتییەکە بگات.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا روونیکردەوە، هێزەکانیان لە 8ـی سێپتەمبەر چوار کەشتی نەوتهەڵگریان لە کەنداوی عومان بە ناوەکانی "کافیز، شارمینار، هورایزۆن 1 و ریسکو" کردووەتە ئامانج، هەروەها نەوتهەڵگرێکیی دیکەش بە ناوی دەریا لە نزیک دوورگەی خارک کراوەتە ئامانج.

بە گوتەی سێنتکۆم، ئێران ئەو کەشتییە نەوتهەڵرانەی بۆ مەبەستی تۆڕێکی نهێنی بە بەهای ملیاران دۆلار بەکارهێناوە. ئەمریکا تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی ئەم تۆڕە تێچووی دارایی سوپای پاسداران و گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکە دابین دەکات.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا روونیکردەوە، ئێران هیچ رێگەیەکی بۆ بەرگریکردن لەو کەشتییانە نییە.