ناتانیاهۆ: زۆر نزیکین لە رووخاندنی ئێران

 سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی بەسەرکردنەوەی هێزەکانی لە باشووری سووریا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران و تەواوی بەرە هاوپەیمانە هەرێمییەکانی لە لێواری داڕماندان.

چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەگەڵ یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی، لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و سووریا ئامادە بوو، گوتی:"هێشتا هەندێک کار ماوە کە دەبێت ئەنجامبدەین، ئەرکی سەرەکییش بریتییە لە رووخاندنی ئێران، گوتیشی:" ئێمە زۆر نزیکین لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە و دەزانین کە لە کۆتاییدا تەواوی ئەو بەرەیە بە یەکجاری دەڕووخێت".

یەکشەممەی رابردووش ناتانیاهۆ هەڕەشەیەکی نوێی ئاراستەی ئێران کرد سەبارەت بە نزیکبوونەوەی رووخانی دەسەڵاتی ئێستای ئەو وڵاتە، ئەوەش لە لایەن چاودێرانەوە وەک پەیامێکی هەڵبژاردن لێکدرایەوە کە زیاتر بۆ ناوخۆی ئیسرائیل ئاراستە کراوە، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی کێنێست لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا لە کاتی ئاهەنگی حکوومەت بەبۆنەی سەری ساڵی عیبری رایگەیاندبوو، ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران بەردەوام دەبێت تا رووخاندنی حکوومەتەکەی و دووپاتیکردەوە کە پێداگرە لەسەر ئەنجامدانی ئەم کارە.

هاوکات رۆژنامەی "جیروزالیم پۆست" لە زاری ناتانیاهۆوە بڵاویکردەوە: کۆتاییهاتنی ئێران زۆر نزیکە و کەوتنی ئەو دەسەڵاتە دەبێتە هۆی گۆڕینی چارەنووسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلی جوو، ئێمە پێداگرین لەسەر بەرگریکردن لە خۆمان و لێدانی دووژمنەکان.

شەممەش ناتانیاهۆ ئاستی هەڕەشەکانی جەنگی دژ بە تاران بەرزتر کردەوە و رایگەیاند، رووخاندنی ئێران بووەتە ئەرکی سەرەکی لەبەردەم ئیسرائیلدا و ئامانجێکە کە لەبەردەستدایە و توانای بەدیهێنانی هەیە.