سوپای پاسداران: ئەمریکا توانای مانەوەی لە ناوچەکەدا نەماوە
جێگری پێوەندییە گشتییەکان و گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا توانای ئەوەی نەماوە لەسەر مانەوەی لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت و گەرووی هورمز بووەتە یەکێک لە هاوکێشە یەکلاکەرەوەکان و چارەنووسی جەنگ.
چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فەرمیی ئیرنا، حوسێن موحەبی جێگری پێوەندییە گشتییەکان و گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، لە لێدوانێکدا روونیکردەوە، باڵادەستیی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا حاشاهەڵنەگرە و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی توانای چاودێریکردن و پێکانی وردی کەرەستە و کەشتییە جەنگییەکانی دووژمنیان هەیە، ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، پێش گرژییەکانی ئەم دواییە نزیکەی 30 بۆ 40 کەشتیی جەنگیی ئەمریکی لە کەنداو ئامادەییان هەبوو، بەڵام ئێستا بەشێکی زۆریان سەدان کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێران دوورکەوتوونەتەوە.
موحەبی باسی لەوەش کرد، بەکارهێنانی چەک و مووشەکی نوێ بە مەودای دوور، تێچووی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە. و گوتیشی: «هێزەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا تووشی شکست و پەککەوتنێکی توندی کەلوپەل و دارایی بوونەتەوە کە کاریگەریی دەروونیشی لەسەر سەربازەکانیان دروست کردووە، گوتیشی،”بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ئەمریکا توانای ئەوەی نییە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەرگەی ئەم هەموو تێچووە سەربازییە بگرێت».
سەبارەت بە فراوانکردنی کۆنترۆڵی دەریایی، گوتەبێژی سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، بازنەی چاودێریی ئێران تەنیا لە گەرووی هورمزدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە نزیک چابەهارەوە دەست پێدەکات و رێڕەوەکانی دەریای عومان و دەریای عەرەبیش دەگرێتەوە، کە لە کاتی گونجاودا وردەکاری و رێکارە نوێیەکان رادەگەیەنرێن، ناوبراو لەبارەی هەڕەشەی گەمارۆدانی دەریاییشەوە دووپاتی کردەوە، ئێران هەموو رێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە کەنداو و دەریای عوماندا.
ئەم قسانەی حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارنی ئێران دوای ئەوە دێت، چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ کۆلۆمبیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئێران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ لێدانی کەشتییە دەریایییەکانی ئەمریکا، هەر کاتێکیش ئەو کارە بکات یان هەوڵی بدات، نەوتهەڵگرەکانی لەدەست دەدات".
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم: سەبارەت بە لەناوبردنی پێنج تانکەری نەوت کە بە گوتەی ئەوان سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بوون. ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ ئەو هەوڵانەی لە دوو رۆژی رابردوودا بە ئامانجی پێکانی کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا بە مووشەکی بالیستی درابوون.
سێنتکۆم لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، کەشتییە جەنگییەکەی ئەمریکا توانیویەتی لە هێرشەکان خۆی بەدوور بگرێت و بەردەوام بووە لە ئەرکەکانی بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی بە تاقمی کەشتییەکە بگات.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا روونیکردەوە، هێزەکانیان لە 8ـی سێپتەمبەر چوار کەشتی نەوتهەڵگریان لە کەنداوی عومان بە ناوەکانی "کافیز، شارمینار، هورایزۆن 1 و ریسکو" کردووەتە ئامانج، هەروەها نەوتهەڵگرێکیی دیکەش بە ناوی دەریا لە نزیک دوورگەی خارک کراوەتە ئامانج.
بە گوتەی سێنتکۆم، ئێران ئەو کەشتییە نەوتهەڵرانەی بۆ مەبەستی تۆڕێکی نهێنی بە بەهای ملیاران دۆلار بەکارهێناوە. ئەمریکا تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی ئەم تۆڕە تێچووی دارایی سوپای پاسداران و گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکە دابین دەکات.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا روونیکردەوە، ئێران هیچ رێگەیەکی بۆ بەرگریکردن لەو کەشتییانە نییە.