بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە کە سبەی دوایین وادەی لێخۆشبوونی 50%ـی قەرزی کارەبایە، بەو هۆیەوە لە چەند فەرمانگەیەک دەوامی فەرمی تا کاتژمێر 9:00ـی شەو درێژ دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە ئاگادارییەکدا بۆ دانیشتووانی ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری ڕایگەیاند: بەهۆی ئەوەی سبەی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، دوایین رۆژی بڕیاری لێخۆشبوونی 50%ـی قەرزی کارەبایە، بۆ ئاسانکاریی هاووڵاتییان دەوامی بەشێک لە فەرمانگەکانیان درێژ دەکرێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای (سلێمانی/ ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و دەربەندیخان) تا کاتژمێر 9:00ـی شەو لە دەوامدا دەمێننەوە و دەرگای فەرمانگەکان بەڕووی هاووڵاتییاندا کراوە دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان و بەشداربووان دەکات، سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە بکەن بۆ ئەوەی پێش تەواوبوونی وادەکە، سوودمەند بن لە بڕیاری داشکاندنەکە و شایستە دارایییەکانی کارەبا بدەن.