روبیۆ: ئێران باجی هێرشەکانی بە لەدەستدانی نەوتهەڵگرەکانی دەدات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەختی لەسەر بەردەوامیی گوشار و خنکاندنی ئابووریی ئێران کردەوە و رایگەیاند، پێیوانییە هیچ لایەنێک لە رووی سەربازییەوە پاڵپشتی لە تاران بکات.
پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند:” ئێران بەردەوامە لە تەقەکردن لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، بەڵام باجی ئەم کارە بە لەدەستدانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی دەدات. گوتیشی: ئەوان نەیانتوانیوە کەشتییەکانمان بپێکن، بەڵام شەوی رابردوو پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری دیکەیان لەدەست دا.
ئەم لێدوانانە هاوکاتە لەگەڵ گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە پێشتر رایگەیاندبوو، واشنتن هێرشی زیاتر دەکاتە سەر ئێران، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کردبوو، جەنگی ئێران راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو کۆتایی دێت.
پەرەسەندنی ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، گرژی و رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات هیچ ئاماژەیەکی هێوربوونەوەیان پێوە دیار نییە و جەنگ چووەتە حەوتەمین مانگی خۆیەوە، لە لایەکی دیکەشەوە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، واشنتن رایگەیاند، یەکێک لە کەشتییە جەنگییەکانی لە هێرشێکی ئێران خۆی لاداوە و رزگاری بووە، و لە وەڵامی ئەوەشدا پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی تێکشکێنراون.