بەغدا.. 9 کەس بە تۆمەتی ساختەکردنی 300 هەزار پاکەتی دەرمان دەستگیرکران
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی دەستگیرکردنی تۆڕێکی ساختەکردنی دەرمانی راگەیاند، دەرمانە خۆماڵییەکانیان لە پاکەتی ساختەدا وەک بڕاندی جیهانی دەفرۆشت. هاوکات ئەو تۆڕە بەرهەمەکانیان بەسەر کۆگاکان و دەرمانخانەکاندا دابەش دەکرد.
چوارشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، "لە رێگەی چالاککردنی هەوڵە هەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوونی ئەو کەیسانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی دەرمان و تەندروستی هاووڵاتییانەوە هەیە، زانیاری ورد بەردەست کەوت نیشاندەری بوونی کارگەیەکی نهێنی بوو بۆ دووبارە پاکەتکردنەوەی دەرمان بە ماددەی نیشاستە، جەلاتینی منداڵان و ماددەی دێکسۆن، دواتر بە پاکەتی بیانی و وەک دەرمان، ڤیتامین و تەواوکەری خۆراکی هاوردەکراو دەیانخستە بازاڕەوە".
ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، تیمێکی هەواڵگری و هونەری پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە و چاودێریکردنی مەیدانیی پڕۆسەی دابەشکردنی دەرمانە ساختەکان بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنیان و رێگریکردن لە بەکارهێنانیان.
دوای تەواوکردنی رێکارە هونەری و دادوەرییەکان، هێزێکی ئەمنی شوێنەکەی گەمارۆ داوە و لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیان زیاتر لە 300 هەزار پارچە ماددەی جیاواز دەستبەسەردا بگرن بۆ ساختەکردن و پاکەتکردن بەکارهاتوون. هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی کۆمەڵێک ئامێری پاکەتکردن و لۆگۆی براندە بەناوبانگەکان، نۆ کەس دەستگیرکران شەشیان هەڵگری رەگەزنامەی پاکستانین و لە بەغدا دەستگیرکراون.
تۆمەتباران لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکانیاندا نا ئاسایشی تەندروستی هاووڵاتییانی خستبووە مەترسییەوە. ئاژانسەکە رایگەیاند: "وتەکانیان تۆمارکرا و رەوانەی دادگا کران، هەروەها ئەو شوێنەی بۆ ساختەکردنی دەرمان بەکارهاتبوو داخرا و سەرجەم ئەو دەرمانانەش دەستیان بەسەردا گیرا پێشتر بەسەر دەرمانخانەکاندا دابەشکرابوون".
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی جەختیکردەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە ئەمنییانەدایە ئامانجیان رووبەڕووبوونەوەی ئەو چالاکییانەیە، کە هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتی و تەندروستی هاووڵاتییان دروست دەکەن.