کۆمپانیای ئەپڵ نوێترین بەرهەمەکانی بۆ ساڵی 2026 راگەیاند
کۆمپانیای ئەپڵ لە یەکەم چالاکیی فەرمیدا لە سەردەمی جۆن تێرنۆسی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نوێیدا، پەردەی لەسەر یەکەمین مۆبایلی چەماوەی خۆی بە ناوی Iphone Duo بە نرخی دەستپێکی 1,999 دۆلار لادا، هاوکات مۆبایلەکانی ئایفۆن 18 پڕۆ و ئایفۆن 18 پڕۆ ماکسی بە کامێرایەکی پێشکەوتوو و چیپی بەهێزی A20 Pro ئاشکرا کرد.
چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، ئەپڵ مۆبایلی iPhone Duoـی ناساند، کە قەبارەکەی لە کاتی چەمانەوەدا هاوشێوەی پاسپۆرتە و تایبەتمەندیی سووکیی مۆبایلی زیرەک لەگەڵ رووبەری فراوانی تابلێتدا کۆدەکاتەوە.
ئەم مۆبایلە خاوەنی شاشەیەکی تەواوی دەرەکییە لە کاتی داخراندا و شاشەیەکی گەورەی ناوەکییە لە کاتی کرانەوەدا، هەروەها ئەپڵ توانیویەتی کێشەی چرچیی ناوەڕاستی شاشەکەی بەرچاو کەم بکاتەوە کە هەمیشە رەخنەی لێ دەگیرا. نرخەکەی لە 1,999 دۆلارەوە دەست پێدەکات کە کەمێک لە مۆبایلی گالاکسی زێد فۆڵد 8ـی سامسۆنگ زیاترە. ئەم بەرهەمە نوێیە یەکەم تاقیکردنەوەی گەورەی جۆن تێرنۆسی تەمەن 51 ساڵانە، کە لە 1ـی ئەیلوولدا شوێنی تیم کووکی گرتەوە.
هاوکات لە بەشی مۆبایلە سەرەکییەکاندا، ئەپڵ زنجیرەی ئایفۆن 18 پڕۆ بە نرخی 1,199 دۆلار و ئایفۆن 18 پڕۆ ماکسی بە نرخی 1,299 دۆلار راگەیاند، کە بەراورد بە زنجیرەی ئایفۆن 17 بە بڕی 100 دۆلار نرخەکەیان زیادی کردووە، بەبێ ئەوەی وەشانی بنەڕەتیی هەرزانتر ئایفۆن 18 ئاشکرا بکات.
مۆبایلەکانی ئایفۆن 18 پڕۆ بە کامێرای سەرەکیی 48 مێگاپێکسڵی بە سیستەمی فراوانکردن و تەسککردنەوەی هاوێنە (Variable Aperture) بە 6 تیغەی لەیزەری کە رێگە بە دەستکاریکردنی رووناکی و قووڵایی وێنە دەدات، لەگەڵ تایبەتمەندیی نوێی "Apple Reference Image" بۆ پشتڕاستکردنەوەی راستیی وێنەکان و جیاکردنەوەیان لە وێنەی دەستکاریکراوی ژیریی دەستکرد.
هەردوو مۆبایلەکە بە چیپی پێشکەوتووی A20 Pro بە قەبارەی 2 نانۆمەتر و سیستمێکی نوێی ساردکەرەوەی هەڵمی بەهێز کراون، کە توانای پڕۆسێسی ژیریی دەستکردییان دوو هێندە زیاد کردووە و پاترییەکەیان لە وەشانی eSIMدا لە نێوان 36 بۆ 45 کاتژمێر بەرگەی پەخشی ڤیدیۆ دەگرێت.
مۆبایلە نوێیەکان لەگەڵ سیستەمی کارپێکەری iOS 27 بەردەست دەبن کە تەواوی تواناکانی Apple Intelligence و نەوەی نوێی Siri AI لەخۆ دەگرێت، و بە چوار رەنگی رەش، زیوی، سەهۆڵین و رەنگی شەرابی لە 12ـی ئەیلوولەوە داواکاریی پێشوەختەیان بۆ دەکرێت و لە 18ی ئەیلوول دەکەونە بازاڕەوە.
ئەم هەنگاوەی ئەپڵ دوای 7 ساڵ دێت لە ناساندنی یەکەم مۆبایلی چەماوە لەلایەن سامسۆنگ لە ساڵی 2019، هاوکات چەند رۆژێک لەمەوبەریش کۆمپانیا چینییەکانی وەک هواوی (Mate XT 2 بە نرخی 2,800 دۆلار) و شیاومی (18 Fold بە نرخی 1,540 دۆلار) مۆبایلە چەماوەکانیان راگەیاندبوو.
بەپێی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی IDC، سەرەڕای ئەوەی مۆبایلە چەماوەکان تەنیا 2%ـی بازاڕی جیهانی پێکدەهێنن، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەپڵ یەک لەسەر سێی تەواوی داخوازیی بازاڕ کۆنترۆڵ بکات.
ئەم بەرزبوونەوەی نرخانە لە کاتێکدایە کە بەهۆی گەشەی خێرای ژیریی دەستکردەوە قەیرانی کەمیی پێکهاتە ئەلیکترۆنییەکان دروست بووە، و بەپێی پێشبینییەکان ئەمساڵ کڕینی مۆبایل لە جیهاندا بە رێژەی 16% دادەبەزێت لە کاتێکدا تێکڕای تێچووی ئامێرەکان 27% بەرز دەبێتەوە. جیا لە مۆبایلەکان، ئەپڵ نەوەی نوێی هێدفۆنی AirPods و کاتژمێری زیرەکی بە هەستەوەری پێشکەوتووتری لێدانی دڵ ناساند.