بەقایی: هەناردەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش بێ بنەمایە

 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەی بەرامبەر بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک دژی تاران لە ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، رەوانەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش بە هیچ شێوەیەک جێگەی باس نییە و بنەمای نییە، چونکە وڵاتەکەی هیچ پێشێلکارییەکی نەکردووە.

پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی ئیرنا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوتی: ئەو بابەتەی وەک ناپابەندبوون لە دژی تاران بەکاری دەهێنن، لە راستیدا دەرەنجامی راستەوخۆی هێرش و دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەگەر ئاژانسی نێودەوڵەتی کەمترین ویژدان و دادپەروەریی هەبووایە، دەبوو لە کاتی خۆیدا ئەو هێرشانەی واشنتن و تەلئەڤیڤی سەرکۆنە بکردایە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڕیارنامەکەی بە دژیەک و ناڕەوا ناوبرد و روونیکردەوە، رۆژئاوا پێشتر بانگەشەی کاراکردنەوەی سیستمی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانی (ئەسنەپ باک) دەکرد، بەڵام بۆچوونی دروستی تاران و مۆسکۆ و بەیژینگ سەلمێنرا کە لە رووی یاسایی و کردەییەوە شتێک بە ناوی ئەسنەپ باک رووی نەداوە، هەروەها رایگەیاند، داواکردنی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی چاودێری لە ئێران، بەبێ ئاماژەدان بەوەی کە پێنەدانی دەسەڵاتی پشکنین بە ئاژانس بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە، داواکارییەکی دژبەیەکە.

سەبارەت بە شێوازی دەنگدانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگارانیش، بەقایی روونیکردەوە، نزیکەی سێیەکی وڵاتانی ئەندام دەنگیان بەو بڕیارنامەیە نەداوە و بڕیارەکە بە کۆدەنگی دەرنەچووە، بەقایی رەخنەی لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا گرت بەوەی لە رێگەی گوشار یان بەڵێنپێدانەوە هاوپەیمانەکانیان بردووەتە ناو بەرەی دەنگدان دژی ئێران، هاوکات نیگەرانیی خۆی نیشان دا لەوەی وڵاتێکی وەک ژاپۆن کە خۆی قوربانیی چەکی ئەتۆمییە، لەگەڵ سعوودیە دەنگیان بە بڕیارنامەکە داوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، ئەم رێکارانە هیچ دەرەنجامێکی نابێت جگە لە بەسیاسییکردنی زیاتری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و تێکدانی پایەکانی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، بەهۆی ئەوەی واشنتن و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی سیستەم و یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن.