بەقایی بۆ روبیۆ : ئەنساروڵڵا سەربەخۆیە و ئەمریکا هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچەکەیە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانەکانی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە دەستێوەردانی تاران لە دۆسیەی یەمەندا، رایگەیاند جووڵانەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان) سەربەخۆیە و بڕیار لە لایەن خۆیەوە دەدات.
پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا گوتی: درۆکانی مارکۆ روبیۆ ناتوانن جێگەی راستییەکان بگرنەوە، ئەنساروڵڵا لایەنێکی سەربەخۆیە و بۆ خۆی بڕیار دەدات، نە فەرمان لە کەس وەردەگرێت و نە بریکاری هیچ لایەنێکی دیکەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە رەگی ناسەقامگیریی ناوچەکە لە دەستێوەردانە سەربازییەکانی ئەمریکا و سیاسەتە باڵادەستخوازانەکانیدا دەربهێندرێت، گوتیشی: ئەگەر واشنتن بە راستی خوازیاری ئاشتییە، دەتوانێت تەنیا هەنگاوێکی سادە بنێت، ئەویش کۆتاییهێنانە بە نیازی خراپ و دەستێوەردانە تێکدەرەکانی لە ناوچەکەماندا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، ئاشتی لە یەمەن بە بۆمب و گوشاری دەرەکی بەدی نایەت، بەڵکو لە رێگەی دانوستانی راستگۆیانە و لەسەر بنەمای نەخشەی رێگەی رێککەوتوو لە نێوان هەردوولادا دەست پێدەکات.