هەناردەی نەوتی کوردستان گەیشتووەتە 180 هەزار بەرمیل
ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 180 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لەرێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی دەرەوە دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ چوارشەممە، 09ـی ئەیلوولی 2026، 180 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە کراوە. ئەمە جگە لەوەی رۆژانە 60 بۆ 70 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لەرێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی دەرەوەی عێراق دەکرێت.
سەرچاوەکە باسی لەوە کرد، پێشتر بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت هەرێمی کوردستانیان جێهێشتبوو؛ بەڵام ماوەیەکە سەرجەم کۆمپانیاکان گەڕاونەتەوە و دەستیان بە هەناردەکردنی نەوت کردووەتەوە. بەمەش هێواش هێواش هەناردەی رۆژانەیان زیاد کرد و لە ئێستادا گەیشتووەتە 180 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
ئاماژەی بەوەش دا، لە مانگی ئابدا هەناردەی نەوتی عێراق لە رۆژێکدا گەیشتە دوو ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل. بەم هۆیەوە دۆخی دارایی عێراق لە مانگەکانی رابردوودا باشتر بووە. پێشبینیشی کرد ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئاستی هەناردەکردنی نەوت زیاتریش بێت.
لە ماوەی رابردوودا بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، بەشێک لە کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان کارمەندەکانیان کشاندەوە یان ئاستی بەرهەمهێنانیان کەم کردەوە بۆ پاراستنی سەلامەتیی تیمەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە، ئابووریی عێراق بە رێژەی زیاتر لە 90% پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە. بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کاریگەریی ئەرێنی راستەوخۆی لەسەر بوژانەوەی ئابووریی وڵاتەکە و کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی دەبێت. ئەمەش وا دەکات حکوومەتی فیدراڵی توانای زیاتری هەبێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پێدانی شایستە داراییەکان لە کاتی خۆیدا.