سهرۆكی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵ دەکات
مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کرد بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
ئێوارەی ئهمڕۆ پێنجشەممە 10ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کرد، لە دیدارەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بە ناوی شاندەکەوە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید بارزانی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها هاوبۆچوون بوون لەسەر پەرەپێدانیی زیاتری هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان، بە تایبەتیی دۆخی ئەمنی و ئابووری ئێستای عێراق.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پشتیوانیکردنی حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کردەوە بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی و خزمەتکردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کورستان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێم.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 کرا، لەمبارەیەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، دڵنیاییدا کە بودجەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ئامادە دەکرێت و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و گشت پێکهاتەکان پارێزراو دەبێت.